کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگای کۆڵبەران دەکرێت بە "شوێنی گەشتیاری"

13:01 - 25 جۆزەردان 2720

شیرکەتێکی گەشتیاری لە پۆستێرێکی تەبلیغاتیدا، ڕێڕەوی هاتوچۆی کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی کێوی "تەتە"ی مەریوانی وەک شوێنی گەشتیاری داناوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لاپەڕەیەکی گەشتیاری لە نوێترین پۆستێری تەبلیغاتیی خۆیدا بە ناوی "٣ ڕۆژ و ٢ شەو" بەڵێنیی پێشاندانی ڕێگای کۆڵبەرانیان بە خوازیارانی ئەو سەفەرە گەشتیارییە داوە.

ئەو پۆستێرە تەبلیغاتییە و پیشاندانی دۆخی نالەباری کۆڵبەران و ناساندنی وەک شوێنی گەشتیاری لەگەڵ کاردانەوەی نەرێنی و توندی چالاکانی کورد و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.

بەڕێوبەری ئەو لاپەڕە گەشتیارییە سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەو سەفەرە وتوویەتی کە لە مانگی جۆزەرداندا بەڕێوە دەچێت و ئەو بڵاوکراوەیەش هی سەفەری "ڤی ئای پیـ"ـی ئەو شیرکەتەیە کە بە نرخی ٦٠٠ هزار تمەنەوە بەڕێوە دەچێت.

هەروەها بەڕێوبەری ئەو لاپەڕە گەشتیارییە بەنیسبەت ئەو خاڵەی ڕێکلامەکە وتوویەتی: "بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ئەو خاڵەمان سڕیوەتەوە، بەڵام ئامانجمان لە پیشاندانی ڕێگای هاتوچۆی کۆڵبەران، نیشاندانی دۆخی نالەبار و پڕکێشەی ئەو ئازیزانە بووە".

ئەو ڕێڕەوەی کە بڕیارە لەلایەن ئەو شیرکەتە گەشتیارییەوە وەکوو شوێنی گەشتیاری بە گەشتیاران نیشان بدرێت، ساڵانە دەیان کۆڵبەر تێیدا گیانیان لەدەست دەدەن بۆ پارووە نانێک.

زیاتر لە ٥ مانگی پێش، ئەو ڕێڕەوەی کۆلبەران لە بەرزاییەکانی تەتە، گیانی فەرهادی ١٤ ساڵانی ئەستاند و ئەمە بوو بە جێی داخی خەڵکی کوردستان.