کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەحیم ڕەشیدی وەک کەسایەتی ساڵی ٢٠١٨ دیاری کرا

12:23 - 3 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕەحیم ڕەشیدی ڕۆژنامەوانی نیشتەجێی وڵاتی ئامریکا لەلایەن بڵاڤۆکی ئامریکایی واشینگتۆن فریبیکەن بەهۆی هەوڵ و چالاکییەکانی ناوبراو بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و درووست لەسەر ڕووداوەکانی کوردستان و بەشداری چالاکانە لە دانیشتنە خەبەرییەکانی کۆشکی سپی وەک کەسایەتی ساڵ دیاری کرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی بڵاڤۆکی ئامریکایی واشینگتۆن فریبیکەن دانراوە بەشداری بەردەوام و چالاکانەی ڕەحیم ڕەشیدی لە پڕێسکۆنفڕانسەکانی کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرەی ئامریکا و هەروەها هەوڵدان بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و دروست لە سەر کوردستان و هەوڵدان و بەمجدبوون بۆ وەرگرتنی وڵامی پرسیارەکانی ناوبراوی کردوەتە سیمایەکی ناسراو لە ڕاگەیەنەکانی ئامریکا و کوردستان.

ڕەنگە دانیشتنی ٢٦ی سێپتامبری ٢٠١٨ بۆ ڕەحیم ڕەشیدی خاڵێکی وەرچەرخان و گرینگ بێت کە لە پڕێسکۆنفڕانسێکدا دانڵد ترامپ سەرۆکی ئامریکا ناوبراوی بە نازناوی "مێستێر کۆرد" بانگهێشت کرد؛ نازناوێک کە دەنگدانەوەی جیهانی و ناوچەیی لێکەوتەوە و زۆرێک لە بڵاڤۆک و میدیا ناسراوەکان ڕووماڵیان کرد.

ڕەحیم ڕەشیدی لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە گوندی مەرخوزی شاری سەقزە؛ ناوبراو لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی پەیوەست بە ڕیزەکانی پیشمەرگەی کوردستان لە حیزبی دێموکرات بوو و لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کرد، دواتر پەڕیوەی دەرەوەی وڵات بوو و لە کاناڵی تەلەفزیۆنی تیشک تی‌ڤی ماوەیەکی دوور و درێژ کاری ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا؛ دواجار لە ساڵی ٢٠١٠ چووە ولاتی ئامریکا و وەک ڕۆژنامەوان هاوکاری کاناڵە کوردی‌زمانەکانی کوردستانی باشووری کرد.

لەلایەن دەزگای گشتی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پڕ بە دل پیرۆزبایی لە کاک ڕەحیم ڕەشیدی دەکەین بۆ وەرگرتنی ئەم شانازییە و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ بە ئاوات دەخوازین.