کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنە و تێڕوانینی ئێمە بۆ ڕەخنە

21:14 - 1 رێبەندان 2718

زانیار بەهاری

سەرەتا:

ئامانج لە نووسینی ئەم وتارە هاوکات لەگەڵ روونکردنەوەی ڕەخنە بە گوێرەی پێناسە زانستی و سیاسییەکەی، هێنانە بەرباسی تێگەیشتنی باو و تێڕوانینی هەنووکەیی ئيمەی کوردە بۆ ڕەخنە بە گشتی و بە تایبەتیش ڕەخنەی سیاسی.

 لە هەر کۆمەڵگە و چوارچێوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کەموکووڕی و هەڵە بێ گومان بوونیان هەیە و بوونیشیان دەبێت، بەڵام چوارچێوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو ئەو چوارچێوەیەیە کە ئیرادەی خۆڕەخنەکردن و قەبووڵکردنی ڕەخنەی تێدا جێکەوتبێت و ئاستی کەموکووڕییەکان بە نزمترین پلە گەیشتبێت. لەگەڵ ئەوەشدا گرینگە کە تاک و کۆمەڵەکانی نێو چوارچێوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاریکراو تێگەیشتنێکی هاوبەشیان بۆ ڕەخنە هەبێت نەک ئەوەی کە هەرکەس لە دید و تێڕوانینی خۆیەوە تەفسیر بۆ ڕەخنە بکات چونکە ئەوکات هەموومان ڕەخنە بە پێویست دەزانین بەڵام تا ئەوکاتەی کە ڕەخنەمان لێ نەگیرابێت کە ئەمەش پێویستی هەبوونی تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ ڕەخنە و قەبووڵکردن و دیتنی ئەویدی وەک تەواوکەری خود دەخاتەڕوو.

ڕەخنە چییە؟ ڕەخنەی سیاسی چییە؟

فەرهەنگی ئۆکسفۆرد ڕەخنە بەم شێوەیە پێناسە دەکات "بەیانکردن یاخود نیشاندانی ناڕازیبوون لە هەمبەر کەسێک یان شتێک بە تێگەیشتن لە هەڵە و کەموکووڕییەکانی". ئەگەر لەم پێناسە وردبینە دەگەینە ئەوەی کە دەرکپێکردن یان تێگەیشتن لە هەبوونی هەڵە، ڕەخنە دروست دەکات واتە دوای ئەوەیکە ئێمە دەرکمان بە هەبوونی هەڵە و کەموکووڕی کرد، دژکردەوەی ئێمە ڕەخنەکردنی ئەو هەڵە و کەموکووڕیانە دەبێت. بێ گومان بواری ڕەخنە فراوان و فرەڕەهەندە لە بەرئەوەی کە هەر لە پێناسەی ڕەخنەوە دەبێت لەوە گەیشتبێتین کە ناڕازیبوون دەکرێت لە زۆر بوار و لەسەر زۆر بابەت بێت بۆ نموونە دەکرێت ڕەخنە، ڕەخنەیەکی ئەدەبی بێت یاخود کۆمەڵایەتی بەڵام باسکردن لەم بوارە جیاوازانە ئامانجی ئێمە نییە و هۆی ئاماژەپێکردنیشیان بۆ نیشاندانی فراوانی بواری ڕەخنەیە.

بۆ ناساندنی ڕەخنەی سیاسی دەتوانین پێناسەی فەرهەنگی ئۆکسفۆردی هاتوو لە سەرەوەدا بەبنەما دابنێین تەنها بە دیاریکردنی ئەوەی کە بۆ ئەوەی ڕەخنەیەک بە سیاسی پۆلێن بكرێت دەبێت دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر بابەتێکی سیاسی یان کەسایەتییەکی سیاسی بێت یاخود ڕەخنەکە رەهەندێکی سیاسی بگرێتەوە تا بچێتە قاڵبی ڕەخنەیەکی سیاسی، هەڵبەت بەجێیە ئاماژە بەوە بکەین کە دەکرێت ڕەخنەی سیاسی لە قاڵبێکی ناسیاسیدا بەیان بکرێت و بخرێتەڕوو. ئێستا دوای بەدەستهێنانی بەرچاوڕوونییەک سەبارەت بە ڕەخنە دەکرێ تەوەری سەرەکی بابەتەکەمان بە پرسیارێک بکەینەوە: ئێمەی کورد چۆن لە ڕەخنە دەڕوانین؟ واتە تێگەیشتنی ئێمە بۆ ڕەخنە چییە؟

تێڕوانینی باو بۆ ڕەخنە

ئەگەر بمهەوێت وەڵامێکی واقیعبینانە بە پرسیاری سەرەوە بدەمەوە دەبێت بڵێم کە بەداخەوە تێڕوانینی ئێمەی کورد وەک زۆرێک لە نەتەوەکانی تری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی ژیان لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی لێوانلێو لە دیکتاتۆری و بوونیادگەرایی و نەبوونی ئیرادەیەکی خۆڕەخنەکەری فرەڕەهەند لەو جوگرافیایەدا تێڕوانینێکی نەرێنییە، واتە ڕەخنە وەک ڕەهەندێکی گرینگ و هەستیاریی هەر چوارچێوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جێنەکەوتووە و نەیتوانیوە پێگەی شایانی خۆی بەدەست بهێنێت؛ ڕەخنە تەنها ئاماژە نییە بۆ هەبوون و جێکەوتنی دێموکراسی بەڵکوو ئاماژەیەکیشە بۆ هەبوونی ئيرادە، زیندوویی و بەردەوامی گەشەکردنی چوارچێوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سەرەڕای کاریگەری ئاماژەپێکراو هۆیەکی تری جێنەکەوتنی ڕەخنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تاکی ئێمە نەیتوانیوە تا ئێستاش تاکی بەرامبەری وەک تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە و دونیابینی تایبەتی قەبووڵ بکات و نە وەک تەواوکەرێکی خود دەیبینێت. واتە ئەوەیکە بۆچوون و تێڕوانینی تاکی بەرامبەر وەک تەواوکەرێک بۆ بۆچوونی خود ببینرێت و رۆڵی ڕاستکەرەوەیەک بۆ هەڵە و کەموکووڕییەکان ببینێت. ئەوکاتەی کە تاک باوەڕی بەو بابەتە هێنا کە ڕاوبۆچوونی بەرامبەرەکەی دەتوانێت تێڕوانینەکانی ئەو دەوڵەمەند بکات و لە هەڵە و کەموکووڕی ڕاستی بکاتەوە دەکرێت هیوادار بین کە ڕەخنە ببێتە ڕەهەندێکی گرینگ و هەستیاریی تێگەیشتنی سیاسی ئێمە و هۆکارێکیش بێت بۆ بەردەوامی نوێبوونەوە و گەشەکردنمان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.