کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەگرانی سەرکۆماری ئامریکا پشتیوانی ڕێژیمی تارانن

17:29 - 7 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە ئەوانەی ڕەخنە لە دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا دەگرن، هەمان ئەو کەسانەن کە پشتیوانی لە ڕێژیمی ئێران دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە ڕۆژنامه‌ى "والستریت ژۆرناڵ"ـدا بڵاوی کردووەتەوە، ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌سه‌ر پێوه‌ندیى ئامریکا و سعوودیه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ دانڵد ترا‌مپ ده‌گرن؛ هەمان ئەو کەسانەن کە پشتیوانی لە ڕێژیمی ئێران دەکەن.

ناوبرا لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە‌، سعوودیه‌ وڵاتێكى پاڵپشتى سه‌قامگیری‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاسته و ڕۆڵى گرینگى هه‌بووه‌ له‌ عێراقدا.

لە سەرەتای دەسبەکاربوونی "مایک پۆمپێئۆ" لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئامریکادا، ناوبراو ئاشکرای کرد، سەرەکیترین ئەرکی پێئەسپێردراوی، بەرەنگاربوونەوە و پووچەڵکردنەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەکە، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەرەوڕووی کۆمەڵگای جیهانی دەبێتەوە.

دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە، ناوبراو سەردانی بروکسێل، عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیلی کرد و لەگەڵ سەران و بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، لە پێوەندی لەگەڵ هەڕەشە و ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تێروتەسەلی گفتوگۆی کرد.

پۆمپێئۆ لە سەردانی خۆیدا بۆ عەرەبستان ڕایگەیاندبوو: "ئەمنییەت و تەناهیی عەرەبستان بۆ ئێمە زۆر گرینگە و بە هەموو شێوەیەک هاوکاری دەکەین، لە ڕاستای بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران کە هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و هەروەها هاوکاری و پاڵپشتی تێرۆریستان دەکات".