کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە کۆمیسیۆنی "پێگەی ژن"

13:52 - 3 بانەمەڕ 2721

هەڵبژاردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ داکۆکی لە مافی ژنان ڕۆژی ڕەشی مافی ژنان بووە و وەک ئەوە وایە کەسێکی ئاگرکەرەوە ببێتە سەرۆکی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوە.

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە ئەندامەتی ڕێژیمی ئێران لە کۆمیسۆنی "پێگەی ژن" لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە توندی ڕەخنەی گرتووە  و ئەندامەتی ڕێژیمی ئێران لەو کۆمیسیۆنەدا ڕۆژی ڕەشی مافی ژنان و مافی مرۆڤ وەسف کردووە.

هەڵبژاردنی ئێران لەو کۆمیسیۆنە بۆ ماوەی چوار ساڵ دژکردەوەی توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی و چالاکانی مافی مرۆیی لێ کەوتووەتەوە.

"هیلل نۆیر" بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چاودیری مافی مرۆڤ لە پەیامێکی تویتێریدا نووسیویەتی: "شۆخی پێ ناوێ! ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژیمی ئێرانی وەکوو داکۆکیکاری مافی ژنان هەڵبژاردووە. هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیی خامنەیی بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان وەک ئەوە وایە کەسێکی ئاگرکەرەوە ببێتە سەرۆکی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوە".

ڕێکخراوی چاودیری مافی مرۆڤ لە بەیانییەیەکدا داوای لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا کردووە ئەندامەتیی ڕێژیمی ئێران مەحکووم بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، زۆربەی کارناسان، چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە نێونەتەوەییەکان، لەسەر ئەو باوەڕەن کە پاش هاتنەسەرکاری حەسەن ڕۆحانی، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هیچ بەرەو باشتربوون نەچووە و بگرە نالەبارتریش بووە.