کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ڕەزا سادقی" لێکۆڵەری شەڕ وتوویەتی، لە فیلمی "ئاتەش دەر گوڵستان" بە چەواشە باس لە کەسایەتیی دوکتور "قاسملوو" کراوە

13:10 - 24 جۆزەردان 2722

"ڕەزا سادقی" لێکۆڵەری شەڕ لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی "ئینساف نیوز" باسی لەوە کردووە، ئەوەی لە فیلمی "ئاتەش دەر گوڵستان" (آتش در گلستان) باس لە لە کەسایەتیی دوکتور "قاسملوو" کراوە چەواشەکارییە و ئەو فیلمە سەرجەم پڕە لە درۆ و چەواشەکاری.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران دانی بە گەورەیی دوکتور "قاسملوو"دا ناوە و باس لەوە دەکات کە دوکتور "قاسملوو" کەسایەتییەکی سیاسیی گەورە و ئاکادێمیک بووە.

ناوبراو باس لەوە دەکات: "دوکتور قاسملوو"کەسێکی سیاسی و بە ئەزموون بوو و بۆ خودموختاریی کوردستان خەباتی کردووە. ئەو جۆرەی لە فیلمەکەدا پیشان دراوە کە قاسملوو کەسێکی ئاسایی بووە ڕاست نییە، ئەوە کێشە و ئیرادی ئێمەیە. چونکە ئێمە کاتێک دەمانهەوێت کەسێک بچووک پیشان بدەین، لەسەر تواناییەکانی چاومان دادەخەین".

لەو وتووێژەدا باس لە ڕەوتی دانوستانەکان لەگەڵ کورد کراوە کە چۆن بووە شکستی خواردووە.

هەر لەو وتووێژەدا باس لە تێرۆرەکانی "ڤییەن و بێرلین" کراوە کە دوو ڕێبەری حیزبی دێموکرات چۆن تێرۆر کراون و ڕۆڵی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لەو کاتەدا چی بووە.

ڕێژیمی ئێران هەر چەندە هەوڵ دەدات کەسایەتیی ڕێبەرانی کورد و یەک لەوانە دوکتور "قاسملوو" بشکنێت، بەڵام خۆیان باس لە گەورەیی و زانایی دوکتور "قاسملوو" دەکەن و ئەو بە کەسێکی بلیمەت وەسف دەکەن.