کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەزا نەجەفی: لێدوانەکانی ئامریکا دژ بە ئێران سەبارەت بە چەکوچۆڵی کیمیایی بێبنەمایە

17:57 - 3 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە قسەی بەرپرسانی ئامریکایی لەمەڕ شاردنەوە و ڕادەست نەکردنەوەی ڕاپۆرت سەبارەت به هێزی چەکوچۆڵی کیمیایی رێژیمی ئێران، دژکردەوەی نیشان دا.

ڕەزا نەجەفی لە بەیاننامەیەکدا کە لە چوارەمین کۆنفرانسی کۆنوانسیۆنی بەرگری لە چەکوچۆڵی کیمیایی دژ به ئێران خوێندرایەوە، قسەکانی بەرپرسانی ئامریکایی دژ به رێژیمی ئێرانی به بێبنەما وەسف کرد و بە ڕاشکاوانە ئەو قسانەی ڕەت کردەوە.

ناوبراو لە بەیاننامەکەیدا، ئامریکای بە تەنیا وڵاتێک ناو برد کە هێشتا چەکوچۆڵی کۆنوانسیۆنی چەکوچۆڵە کیمیاییەکانی هەیە و تا ئێستا بە تەواوەتی کۆگای چەکوچۆڵە کیمیاییەکانی خۆی لە ناو نەبردووە.

نەجەفی لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕێژیمی بەعس، باسی لەوە کردووە کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی چەکوچۆڵی کیمیایی بەکارهێنراو لە لایەن ڕێژیمی سەدامەوە لەو کاتەدا، لە لایەن ئامریکا و هاوپەیمانەکانییەوە دابین کراوە؛ هەروەها وتوویەتی: "پاش گیرانی عێراقیش، ئامریکا نەیتوانی هیچ چەکێکی کۆمەڵکوژ لە عێراقدا بدۆزێتەوە."

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینیش، بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، قسەی بەرپرسانی ئامریکایی بە نادرووست و لە ڕووی دوژمنی و بۆ بەلاڕیدابردنی بیروڕای گشتی ناو برد.

قسەکان و دژکردەوەی ئەم بەرپرسانەی رێژیمی ئێران دوابەدوای ئەوە هاتە ئاراوە کە "کێنت وارد"، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی بەرگری لە چەکوچۆڵی کیمیایی، باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە توانای چەکوچۆڵی کیمیایی خۆی هیچ ڕاپۆرتێکی ڕادەستی  ئەو کۆنوانسیۆنە نەکردووەتەوە؛ ناوبراو ئەم کارەی ڕێژیمی ئێرانی به پێشێلکردنی پەیمانی بەرگری لە بڵاوبوونەوەی چەکوچۆڵی کیمیایی زانیوە.