کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەفتاری نەشیاوی دوکتورێک لەگەڵ نەخۆشێکی تالاسمی

12:18 - 1 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای گرانیی دەرمان و نەبوونی پێداویستییەکانی نەخۆشیی تالاسمی، دوکتورەکانیش ڕەفتاری نەشیاویان بەرانبەر ئەنجام دەدەن.

بەپێی ڤیدئۆییەکی بڵاو کراوە، لە لاپەڕەی "مەسیح عەلی‌نەژاد"، دوکتورێک لە نەخۆشخانەی بەهرامیی تاران، بە شێوەیەکی نەشیاو و دوور لە ئێخلاقی دوکتورانە بەرانبەر بە نەخۆشێک ڕەفتار دەکات و بەسەریدا هاوار دەکات.

ئەم نەخۆشە بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر خراپی کەیفیەتی ئەو خوێنەی کە پێیان دەدەن، دەکەوێتە بەر هێرشی دوکتورێک و کاتێک کە بوتڵە خوێنەکەی بەدەستییەوە پەلاماری دەدات و دەیەوێت لێی بدات.

ئەو کەسەی کە فیلمەکەی گرتووە دەڵێت: "ناڕەزایەتیمان بەرانبەر بەو کیسە خوێنانە دەربڕی، کە کاتێک پێمانی دەدەن، تەنیا ١٠ ڕۆژی ماوە بۆ بەسەرچوونی، بەڵام بەم شێوە دڕندانە و بێڕەحمانە وڵاممان دەدەنەوە".

نەخۆشەکانی تالاسیمی دوای دەسپێکردنی گەمارۆوەکانی ئامریکا،  بە هۆی نەبوونی دەرمانە پێویستەکانیان و گرانبوونیان تووشی کێشە هاتوون و سەرەڕای ئەم کێشانەش زۆرجار لەگەڵ ڕەفتاری نەشیاوی دوکتور و کارمەندانی نەخۆشخانە ڕووبەڕوو دەبنەوە.