کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەمزی مانەوە و بەردەوامیی حیزبی دێموکرات

12:15 - 6 گەلاوێژ 2720

محەممەد ساڵح قادری

درێژەکێشانی حەفتا و پێنج ساڵ زەمەن بۆ تێکۆشانی حیزبی دێموکرات، لە لایەک واتای زۆربوونی ئاستەنگەکانی بەردەم سەرخستنی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان و لەلایەکی دیکەش مکوڕبوونی ئەو حیزبە لەسەر داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی ستەملێکراوی کورد دەگەیەنێت. بەتایبەت بۆ حیزبێکی شۆڕشگێڕ و نەتەوەیی کە لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تاکوو ئەمڕۆ، لەلایەن ڕێژیمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی لە ئێراندا بەردەوام کەوتبێتە بەر پەلاماری لەنێوبردن و وێڕای فیداکردنی لێهاتووترین ڕێبەران و تێکۆشەرانی، بە تێپەڕاندنی گەلێک هەوراز و نشێوی دژواری ڕێگای خەبات، توانیبێتی هەروا شێلگیرانە و بێوچان بۆ دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە خەبات بەردەوام بێت، کارێکی دژوار و لە هەمانکاتدا مایەی شانازییە.

بە ئاوڕدانەوە لە زۆر حیزبی دیکە کە لە ماوەی ئەو حەفتا و پێنج ساڵە و بگرە پێشتریش کە دامەزرابوون و لە سەردەمی خۆیاندا تا ڕادەیەکیش بەهێز بوون، دەبینین ئێستا جیا لە ناوێک لە مێژوودا، ئاسەوارێک لە بوونیان نەماوە، ئەوکات نهێنی و گرنگیی مانەوە و بەردەوامیی حیزبی دێموکراتمان باشتر بۆ ڕوون دەبێتەوە. بەتایبەت حیزبێک کە توانیویەتی لەسەر بنەمای مەعریفەسازی و تیۆرییەکی زانستییانە و پێشکەوتنخوازانە، چەمک و ڕەهەندەکانی نەتەوەبوونی کورد وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن و سەربەخۆ، پێناسە بکات و فاکتەرەکانی وەک "خاک، زمان، کولتوور، مێژوو و ویستی خەڵکی کوردستان" بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد بە بنەما بگرێت و هەموو هەوڵەکانی دوژمنی بۆ خستنە ژێر پرسیاری ڕەوایی بزووتنەوەی کوردستان پووچەڵ کردۆتەوە.

حیزبی دێموکرات لە ماوەی حەفتا و پێنج ساڵ خەباتیدا گەلێک جار لەلایەن ڕێژیمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی لە ئێران، ڕووبەڕووی چەندەها پیلانی دزێو بووە و زەبری گەورەی لێ کەوتووە و برینی قورسی هەڵگرتووە و ڕۆژگاری دژوار و سەختی تێپەراندووە، بەڵام هەرگیز لە پێ نەکەوتووە و دەستی لە ڕێبازە نەتەوەییەکەی هەڵنەگرتووە و ئێستاش هەروا شێلگیرانە سوارچاکی مەیدانی خەبات و لە هەمانکاتدا لە قۆناخێکی دیکەی وەرچەرخاندایە.

حیزبی دێموکرات دەروەستبوونی خۆی بە ئامانج و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد گرێ داوە، بۆیە توانیویەتی بە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان لە بەرانبەر ئەو هەموو پیلانە جۆراوجۆرانەی دوژمناندا، "ئاگری"ئاسا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت و ببێتە ناونیشان و مەتەرێزی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە پانتایی کوردستانی داگیرکراودا. بەمجۆرە فەلسەفەی بوون و مانەوەی حیزبی دێموکرات، لەسەر بنەمای سەرەوەری نەتەوەیی و نیشتمانیی، ڕەگ و ڕیشەی لە نێو دڵ و هزری کۆمەڵانی ئازادیخوازی کوردستاندا داکوتاوە و ئاوێتەی ژیانی ڕۆژانەی تاک بە تاکی ئەوان بووە؛ بۆیە ئیتر ئەو حیزبە بۆ گەلی کورد زیاتر لە ئامرازەوە، بووەتە میراتێکی نەتەوەیی و دەبینین لە درێژەی حەفتا و پێنج ساڵ خەباتی حیزبی دێموکراتدا، وێڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەی سەر ڕێگاکەی، توانیویەتی بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان وەک قەڵایەکی لەشکاننەهاتوو، پێداگرانە و شێلگیرانە بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە تێکۆشان بەردەوام بێت و بە بەرخۆدان و بەرەنگاریی شۆڕشگێڕی لە بەرانبەر ڕێژیمە داگیرکارەکاندا، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر ئەو خەباتە، مانادارتر و گشتگیرتر بکات.

حیزبی دێموکرات کە کاریگەریی سیاسەت و بیروباوەڕ و ئامانجی ڕزگاریخوازانە نەتەوەییەکەی، نەک تەنیا لەنێو خەڵکی کوردستان لە "خۆی، ماکۆ، سەڵماس و ورمێ، موکریان، ئەردەڵان، کرماشان، ئیلام"، بەڵکوو لەنێو کوردەکانی خۆراسان و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە و بەم خەبات و بەرخۆدانەی کە بۆ ڕاماڵینی یەکجارەکیی داگیرکەر لەسەر بست بە بستی خاکی کوردستان دەکا و لەپێناو هەڵچنینەوە و بونیاتنانی کۆشکی سەروەریی نەتەوەیی، سەنگەری ئازادی بە خوێنی باشترین ڕۆڵەکانی پاراو دەکا، بووەتە جێگای هیوای تێکڕای نەتەوەی کورد.

ئێستاش پاش حەفتا و پێنج ساڵ خەبات دەبینین ئەو حیزبە بە تێپەڕینی ڕۆژگار، بەهێزتر لە جاران و بەوپەڕی جیددییەتەوە، ڕوو لە ڕێژیمی داگیرکەر و هەر لایەنێکی پاوانخواز کە چاوی تەماحیان بڕیبێتە خاکی کوردستان، هەروا سەربەرزانە داکۆکی لە سەروەریی خاک و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی مەزنی کورد دەکات و بەدڵنیاییەوە تاکوو سەرکەوتن، ئەو ڕێبازە پیرۆزە درێژە پێ دەدات.

هەڵبەت کۆی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی حیزبی دێموکرات، مانای ئەوەش دەگەیەنێ کە پێویستە حیزبی دێموکرات بە گوێرەی هەلومەرجی نوێ و گۆڕانکارییەکانی دنیای ئەمڕۆ، خۆی نوێ بکاتەوە. نوێکردنەوە لە بواری شێوازی کار و خەبات و دنیابینی و چۆنیەتی سەیرکردنی ڕووداوەکان کە گەلێک بایەخدارن، چونکە لە دنیایەکداین کە خێرایی گۆڕانەکانی زۆرە و ئەوەش ئەرکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قورستر دەکات. چونکە گۆڕان وەک خەسڵەتێکی گەردوونیی، بۆ هەموو بزاڤە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکان، پێویستیی مانەوە و بەردەوامییانە.

بەم شێوەیە تاکوو حیزبی دێموکرات لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و ڕەواکانی گەلی کورددا درێژە بە خەباتە ڕەواکەی بدات و لە ڕێگای ڕزگاری نیشتماندا ڕۆڵەکانی فیدا بکات، گەلی کوردیش ئەو حیزبە وەکوو گلێنەی چاوەکانیان دەپارێزن. هەروەها تاکوو گەلی کورد بمێنێت، حیزبی دێموکراتیش وەک زانکۆی بیری نەتەوەیی و قەڵای نیشتمانپارێزی، هەر دەمێنێت و تا ئەو حیزبە و تێکۆشەرە فیداکارەکانی بمێنن، گەلی کورد و کوردستانیش بێ خاوەن نامێنن و دووانەیان وەک جمکی تەواوکەری یەکتر، تا گەیشتن بە ترۆپکی سەرکەوتن هەروا پێکەوە لە خەبات بەردەوام دەبن.