کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەنگاڵەیی ژینگەی پارێزگای "سنە" بەرەو لەنێوچوون دەچێت

11:30 - 29 سەرماوەز 2721

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیسنا" سەر بە ڕێژیمی ئێران، "لێدانی بەنداوی زۆر، ڕێگاوبان و چالاکیی ئاوەدانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی زیان بۆ سەر ژینگە، ڕاوی نایاسایی، کەمیی بودجە و دەیان هۆکاری دیکە بوونەتە هۆکاری لەنێوچوونی دارستان و لەوڕگەکانی پارێزگای سنە".

بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی ژیانی گیانداران لە پارێزگای "سنە" ڕەنگاڵەیەکی تایبەتی بەخۆیەوە گرتووە و ڕێژەیەکی جۆراوجۆر لە بڕبڕەداران بوونی هەیە کە جگە لە گرینگیی ژینگەناسی، بەشێک لە جۆرەکان لە ئێکۆسیستمەکانی ناوچەکە بایەخێکی تایبەتیان هەیە.

هەتا ئێستا ٣١ جۆری شیردەر، ٢٨٥ باڵندە، ٢٣ خزۆکە، ٦ جۆری دووژیانەکان و ٢١ جۆری ماسی لە پارێزگای "سنە" بوونیان هەیە.

تێکدانی ژینگە کە یەکێک لە ‌هەڕەشە سەرەکییەکان بۆ سەر ژینگەیە بووەتە هۆی ئەوەی هەر ساڵ بەشێکی بەرفراوان لە ژینگەی گیاندارە جۆراوجۆرەکان لەو پارێزگایە لەنێو بچن.

ڕاوی لەڕادەبەدر و ڕووداوەکانی دیکەی وەکوو ئاگرکەوتنەوە و وشکەساڵی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای "سنە" زیادی کردووە و زۆربەی دارستان و لەوەڕگەکانی لەنێو بردوون، هەروەها کەڵکوەرگرتنی بێسەرەوبەرە لە ژینگە هۆکاری گوشاری زیاتر و هەڕەشە بۆ سەر گیاندارانی کێویی ئەو پارێزگایەن.