کوردستان میدیا: پایەگای "کەریم جەعفەریـ"ـی سەر بە پادگانی "بەیتولموقەدەس" لە گوندی "گەشکی" سەر بە شاری کامیاران، بەردەوام جاش و خۆفرۆش ڕەوانەی شاهۆ دەکات.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ٦ی بانەمەڕ، پادگانی "بەیتولموقەدەس"، بە چەندین ماشینی تۆیووتا و مینیبووسەوە، سەدان جاش و خۆفرۆشیان لە پایەگای "کەریم جەعفەری"، لە گوندی "گەشکی" سەر بە شاری کامیاران، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ بەرەو شاخی شاهۆ ڕەوانە کردووە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، تەنانەت ڕێگە بە مانەوەی ئەو خەڵکە نادەن کە مەڕ و ماڵاتەکەیان لەو شوێنە بۆ لەوەڕ جیگیر کردووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیم بەردەوام لە ترسی هاتووچۆی پێشمەرگە، هێزی جاش و خۆفرۆش ڕەوانەی ئەو شوێنانە دەکات.
لەم پێوەندییەدا، ماڵپەڕی کوردستان میدیا وتووێژێکی لەگەڵ "کاوە بەهرامی" فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە و ناوبراو، لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: "کە ڕێژیم لەو ناوچەیەدا مانۆڕێکی دەست پێ کردووە و بەو بیانوویە، دەیەوێت ناوچەکە زیاتر مێلیتاریزە بکات، چونکە لە کاریگەرییەکانی پێشمەرگە لە داهاتوودا، ترسێکی یەکجار زۆریان هەیە".
ئەو سەرچاوە ئاگادارە، لە درێژەی راپۆتەکەیدا وتوویەتی: ئەوە دووهەمین جارە لەو ڕۆژانەدا هێز ڕەوانەی شاخی شاهۆ دەکرێت و هەروەها باسی لەوە کردووە، "ڕێکەوت ١ی بانەمەڕ، ١٢ مینیبووسی جام ڕەش و چەندین تۆیووتا بە چەکی دۆشکاوە ڕەوانەی ئەو شاخە کران."