کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەهائیەکان لە ئێران بەردەوامە

15:17 - 25 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەر کردنی بەهائیەکان لە ئێراندا، لانیکەم ١٦ شارۆمەندی بەهائی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هێرانا، سەرلەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لانیکەم ١٦ هاووڵاتیی بەهائی لە ٣ شاری تاران، مەشهەد و ئەسفەهان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەمان سەرچاوە، سەهبا فەرنووش، نگار باقری، نەوا مۆنجەزێب، یاوەر حەقیقەت، نەوید ئەقدەسی و هێلیا موشتاق لە تاران، کەیوان و پەروین نیک ئایین، یەگانە ئاگاهی، مەتین جانمیان، عەرشیا ڕووحانی و نەوید هێمەت لە ئیسفەهان و ساناز ئێسحاقی، نیکا پاکزادان، فەرزانە دانشگەری و نەغمە زەبیحییان لە مەشهەد، ئەو ١٦ شارۆمەندە دەستبەسەر کراوەن کە هەتا ئيستا نێوەکانیان بڵاو کراوەتەوە.

تا هەنووکە، تاوان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە ڕوون نییە.

شایانی باسە کە ئایینی بەهائیەت لە لایان میرزا حوسێن‏عەلی نووری ناسراو بە بهاءالله لە سەدەی ١٩ هەمی زایینی‏دا لە وڵاتی ئێران بنیات نرا. پەیڕەوانی ئەم ئایینە بڕوایان بەوە هەیە کە بهاءالله (١٨١٧ - ١٨٩٢)، نوێ‏ترین نێردراوی ئیلاهیی لە پاش پێغەمبەرانێک وەکوو ئیبراهیم، مووسا و بوودا و زەردەشت و مەسیح و محەممەدە. ڕێژەی باوەڕداران بەم ئایینە بە ٧ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس خەمڵێندراوە. ناوەندی جیهانیی بەهائیەکان لە شاری حەیفای وڵاتی ئیسراییلە.

ئەم ئایینە کە بە پێی پەرەسەندوویی لە وڵاتە جیاوازەکاندا، پاش ماسیحییەت بە دووهەمین ئایینی دنیا دەژمێردرێت. پەیڕەوانی بەهائییەت لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئەسلامیدا لەژێر زەخت و گوشارێکی لەڕادەبەدەردان و ئایینەکەیان ڕێگەپێ‏نەدراوە.