کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی سەدر دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا

17:02 - 25 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هاوپەیمانەتی "السائرون" کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا سەرکەوتنی بە دەست هێنا، بە دروشمی " ایران برو بیرون" جێژنیان گرت.

هاوپەیمانیەتی "السائرون"، بە ڕێبەریی "موقتەدا سەدر" کە حیزبی کۆمۆنیستی عێراق و بەشێک لە هێزە سێکۆلارەکانیش تێیدا بەشدارن، دوای ئەوەی که لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا سەرکەوتنیان بە دەست هێنا دروشمی " ایران برو بیرون"یان بەرز کردەوە.

هاوپەیمانەتی "السائرون"، ئەگەر ١.٣ میلیۆن دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەدەست بێنت، براوەی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراق دەبێت.

لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، هاوپەیمانەتی "فتح" بە ڕێبەریی "هادی عامری" کە باسکی سیاسیی گرووپی میلیشا نیزامییەکانی "حشدالشعبی" لە ئەستۆیە بە ١.٢ میلیۆن دەنگ پلەی دووهەمی بەدەست هێنا و هەروەها "نەسر " کە "حیدرالعبادی" سەرپەرەستی دەکات و ئێستاش سەرۆکوەزیرانی عێراقه و پلەی سێهەمی لە هەڵبژارنەکاندا هەیە.

سەرکەوتنی موقتەدا سەدر لەو هەڵبژاردنانەدا وەک شکستێک بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەژمار دەکرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا "هاوپەیمانەتی "فتح" کە دەنگی دووهەمی بەدەست هێناوە سەرکەوتنێکە بۆ پاسداری تێرۆریست قاسم سلێمانی.

موقتەدا سەدر، کە خۆی یەکێک لە ڕێبەرانی بەهێزی شیعەیه لە عێراق، دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانه و هەتا ئێستا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هۆشداری پێ داون.

موقتەدا سەدر، پێشتریش بە نیسبەت دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا هۆشداری داوە و ناوبراو بە فەرمی باسی لەوە کردبوو کە ڕێژیمی ئێران کەسانی تێرۆریست و خۆکوژ بۆ عێراق ڕەوانە دەکات.

بەپێی ئامار و ڕاپۆرتەکان بەشێکی زۆر لە خەڵکی عێراق لەو هەڵبژاردنەدا بەشداریان نەکردووە و ڕێژەی بەشداربووان نیسبەت بە هەڵبژرادنەکانی ساڵانی پێشوو زۆر کەم بووە. لەو هەڵبژاردنانەدا ئەو هاووڵاتییانەی کە لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق ئاوارە بوون، دەنگیان نەداوە.
بەشی زۆری ئاوارەکان سونی مەزهەبن و دەنگیان نەداوە.

چاوەدێرانی سیاسی، باسیان لەوە کردووەکە سەرکەوتنی سەدر بە هاوکاریی عەرەبستانی سعوودیە بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ کام لە هاوپەیمانەتییەکان ناتوانن بە تەنیا دەوڵەت پێک بێنن.

پاسداری ڕێژیمی "عەلیئەکبەر ویلایەتی" پێشتر باسی لەوە کردبوو: "ئێمە ئیزنی ئەوە نادەین کە لیبراڵ و کۆمۆنیستەکان لە عێراقدا دەسەڵات بە دەستەوە بگرن"، ئەوەش هۆشدارییەک بوو بە موقتەدا سەدر.

سەرەڕای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئێستا ٩٠ ڕۆژ دەرفەت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ بۆ عێراقی قەیراناوی هەیە.