کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی ئێران فرۆشییەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم درێژەی هەیە

18:43 - 8 گەلاوێژ 2720

لە درێژەی ئیران فرۆشییەکاندا کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەمجارەیان ئیمتیازی گرنگی ژێئۆپۆلیتیکیان بە "تورکەمەنستان" فرۆشت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیران ئیمتیازی گەورە و گرینگی ژێئۆپۆلیتیکی بەو واتایە کە ئێران دەیتوانی ئەو داهاتەی کە لە ڕێگەی کێشانی بۆڕی گاز لە خاکی خۆی بەدەستی بێنێت؛ بە وڵاتی "تورکەمەنستانـ"ـی فرۆشتووە و ئەو وڵاتە دەتوانێت  دەریای "خەزەر" بۆ ڕاگواستنی بۆڕی گاز بەکار بێنێت.

"شوعەیب بەهمەن" کارناسی بوارەکانی ڕووسیە و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لەو بارەوە وتوویەتی: "هەنووکە تورکەمەنستان نزیک ٨٠ تا ٩٠ لەسەد گازی خۆی بۆ چین هەناردە دەکات. ئەو وڵاتە بە زۆرکردنی بەرهەمهێنانی گازی خۆی، دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو ئیمتیازەی ڕێژیمی ئێرانەوە بە بێ تێچووی ئەوتۆ لە پانتایی دەریای خەزەردا گاز هەناردەی ئەفغانستان، پاکستان و هیند بکات".

ڕێژیمی ئێران بە دانی ئەو ئیمتیازە دەرفەتی ئابووریی خۆی بە تورکەمەنستان داوە.

کارناسانی ئابووریی لەسەر ئەو باوەڕەن دانی ئەو ئیمتیازە بە "تورکەمەنستان"، ئێران دەرفەتێکی گەورەی ئابووریی لەدەست داوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ڕێژیم بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووریی و باجدان بە وڵاتانی دیکە دەیهەوی خۆی ڕزگار بکات.

لە درێژەی ئێران فرۆشییەکانی ڕێژیمی ئێراندا ''محەممەد جەواد زەریف'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ، دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ ''سێرگێی لاورۆڤ'' وەزیری دەرەوەی ڕووسیە ڕایگەیاندبوو ئێران لە هەوڵی درێژکردنەوەی گرێبەستی ٢٠ ساڵە لەگەڵ ئەو وڵاتەیە.

هەروەها گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتی "چین" سەرووتر لە هەرچەشنە گرێبەست و پەیماننامەیەکە و ڕێژیمی ئێران بە شێوەی فەرمی خەریکی فرۆشتنی "تەمامییەتی ئەرزیـ"ـی ئێرانە.