کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەئیسی دەیهەوێت لە گیرفانی خەڵک کورتهێنانی بودجە قەرەبوو بکاتەوە

18:28 - 22 پووشپەڕ 2722

لە درێژەی گەڵاڵەی کڕینی نەوتی خاو لەلایەن "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری پیشووی ڕێژیمی ئێران، "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ئەو ڕێژیمە داوای لە خەڵک کردووە بە جێگای زێڕ و دۆلار یان سەرمایەخەواندن لە مڵک و ماڵدا، نەوتی خاو لە دەوڵەت بکڕن و وەکوو سەرمایە داینێن.

هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیمیش لە ڕاپۆرتێکدا وەسفی ئەو گەڵاڵەیەی کردووە و ئیدیعای کردووە کە ئەو گەڵاڵەیەی ناسراو بە "ئەوراقی نەوتی" جگە لە نەوتی خاو کە ئێستا لە کۆگاکاندا پاشەکەوت کراوە، سەرچاوەی نەوتییە دەرهێنراوەکان، بڕیارە ببنە پشتیوانییەک بۆ بڕوانامەی دانانی کاڵا.

ئەو گەڵاڵەیەی کابینەی "ڕووحانی" کە "ڕەئیسی" هێناویەتیەوە بەرباس بۆ فریودان و گیرفان بەتاڵکردنی خەڵکە بە شێوەیەک "حەسەن ڕووحانی" لە هەوڵێکی هاوشێوەدا داوای لە خەڵک کرد کە سەرمایەکانیان لە بورس دابنێن کەچی دوایی پارەکانیان بە ناوی "ئۆفتی بورس" لە خەڵک دزی.

لە ئێستاشدا بەهۆی گەمارۆکان ڕێژیمی ئێران ناتوانێت نەوتەکەی بە وڵاتانی دەرەوە بفرۆشێت، "ڕەئیسی" بۆ کورتهێنانی بودجە و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان لەو دۆخە قەیراناوییەی ئابووریدا کە خەڵک نانی شەویان نییە، دەیهەوێت لە جێگەی وڵاتانی دەرەوە لە گیرفان و سەرمایەکانی خەڵک کەڵک وەربگرێت.