کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەئیسی: پولیس و دەوڵەت پێش بە بێ‌حجابەکان بگرن

13:32 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکی دەزگای دادوەریی ڕێژیم، لە دانیشتنێکی بەرپرسانی باڵای ئەو دەزگایەدا ناڕەزایەتی لە بەرانبەر حیجابی زۆرەملێ"، بە "بێسەروبەریی و نالەباری" ناو لێ برد و و وتوویەتی: دەبێ پێشی پێ بگیردرێت.

ئیبراهیم ڕەئیسی، بەرپرسی دەزگای دادوەریی ڕێژیم، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو دەزگایە، باسی لەسەر پێشگرتن بەو کەسانەی کردووە، کە دژ بە حیجابی زۆرەملێ ڕادەوەستن و وتوویەتی: ئەو کەسانەی کە "ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر" دەکەن، دەبێت لە لایەن دەزگای ئینتزامی و دادوەرییەوە پاڵپشتی بکرێن.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، فەرماندەی سپای قودسی گێڵان، "پاسدار محەممەد عەبدوڵڵاپوور"، باسی لە پێکهێنان و بەکارهێنانی دوو هەزار گرووپی "ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر" کردبوو، کە بۆ پێشگرتن بە "بێ‌حجابی" پێک هاتووە.

پاسدار عەبدوڵڵاپوور، هەروەها وتوویەتی: "حیجاب بابەتێکی سادە نییە بەڵکوو بابەتێکی سیاسی و ئەمنییەتیی زۆر گرینگ بۆ کۆماری ئیسلامییە".

لە ڕوانگەی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامییەوە، حیجاب وەکوو قەڵایەکی گرینگ بۆ ڕاگرتنی ڕێژیم بە هەژمار دێت و ئەمە بابەتێکی تازە نییە و ئەو ڕێژیمە لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، بەردەوام حیجابی بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.

بە چاولێکردن لە جموجووڵەکانی ئەم دواییانەی خەڵكی ئێران دەبینین، ئەو قەڵایەش لەرزۆک بووە و ڕێژیم وزەیەکی زۆری بۆ ڕاگرتنی بەکار دێنێت.