کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژاوەرۆی سنە/ چاندنی ٢٥٠٠ بن داربەڕوو لە دەوروبەری گوندی تەوریوەر

18:36 - 21 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: چالاکانی ژینگەپارێز و هاووڵاتییانی گوندی تەوریوەری سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە لە درێژەی شەپۆلی پاراستنی ژینگەی کوردستان، زیاتر لە دوو هەزار بن داربەڕوویان چاند.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێكەوتی ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، چالاكانی ژینگەپارێزی و هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی تەوریوەر، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە لە چالاكییەكی خۆڕسكدا لە دەوروبەری گوندی تەوریوەر دەستیان دایە چاندنی داربەڕوو.

یەکێک لە هاووڵاتییانی کوردی بەشدار لەم چالاکییە خۆڕسک و ژینگەپاریزییەدا، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا رایگەیاند: ئەم هەوڵە کە لەلایەن چالاکانی ژینگە پارێزەوە رێکخرابوو، دەیان هاووڵاتیی بەشدارییان کردبوو و زیاتر لە ٢٥٠٠ بن داربەڕوو چێندراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا رایگەیاند که خەڵکی گوندی تەوریوەر بە تێچووی خۆیان ئەو دار بەڕووانەیان کڕیوە و بەم شێوەیە ژینگەپارێزی و ژینگەدۆستیی خۆیان نیشان داوە.

شەپۆلی چاندنی بەڕوو لە کێو و بەرزاییەکانی کوردستان، ماوەیەکە کوردستانی گرتووەتەوە و هاووڵاتییانی کورد دەیانهەوێ بەم شێوەیە، قەرەبووی ئەو ئاگرکەوتنەوانە بکەن کە چەند ساڵێکە خەسارێکی زۆری بە دار و لێرەواڕەکانی کوردستان گەیاندووە.

لەم پێوەندییەدا، رۆژی هەینی رێكەوتی ١٢ی بەفرانبار چالاكانی ژینگەپارێزی لە چالاكێكی خۆرسكدا كە لەژێر ناوی پشتێنەی سەوز، دەستیان بە چاندنی تۆوی بەڕوو لەبەرزاییەكانی زاڵ بەسەر شاری پاوە و جادەی تازەی شاهۆ كردبوو.