کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژاکان باران مانی لە خواردن گرت

11:34 - 11 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ژاکان باران، شاعێری ئیلامی، ١٣ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و ئیزنی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی نییە.

حوسێن باقری، ناسراو بە "ژاکان باران"، شاعێر کوردی خەڵکی ئیلام، لە ٢٨ی ڕەشەمە، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز، لە گوندی "مەلەکشاهی"، سەر بە شاری ئیلام دەسبەسەر کرا.

ئەم شاعێرە ئیلامییە بە تۆمەتی چالاکییەکانی لە ڕاستای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاندانی خەڵک بۆ لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی دەسبەسەر کراوە.

ئێستا بۆ ماوەی حەوتووییەک دەبێت، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر دەسبەسەرکران و ڕێگانەدان بە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی، مانی لە خواردن گرتووە.

ژاکان باران، لە ١٥ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "تێکدانی بیروڕای گشتی و تەبلیغکردن بە دژی نیزام لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی ڕێژیم" لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری مەلەکشاهی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ناوبراو، پێشتریش لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای بەسەربردنی ١٥ ڕۆژ دەسبەسەریی لە گرتووخانە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ژاکان باران، شاعێری ٣٦ ساڵە، خەڵکی مەلەکشاهیی ئیلامە، کە بە زمانەکانی کوردی و فارسی شێعر دەهۆنێتەوە و دوو کتێبی بە ناوەکانی "شلاق افکار و "نیشتمان داگیرکریاگـ"ـی نووسیوە، بەڵام هیچ کام لە کتێبەکانی مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیان لە ئێراندا پێ نەدراوە.