کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی قوربانییانی نەشتی گاز لە نەوسوود بۆ چوار کەس بەرز بووەوە

12:21 - 23 جۆزەردان 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی جۆزەردان، یەکێکی دیکە لە برینداربووانی تەقینەوەی گاز لە شاری نەوسوود، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی کرماشان گیانی لەدەست دا.

"هاوبیر سۆهرابی" تەمەن ١٧ ساڵ، چوارەمین قوربانیی نەشتی گازی بینا چوار نهۆمییەکەی شاری نەوسوودە.

پێشتر لەو ڕووداوەدا سێ ئەندامی بنەماڵەیەک بە ناوەکانی "دەریا هادی (دایک)، چیا سۆهرابی (کچ)  و ڕوبین سۆهرابی (کوڕ)"، گیانیان لەدەست دابوو.

چیا سۆهرابی  تەمەن ٢٠ ساڵ و خوێندکار بووە.

هەروەها لەو ڕووداوەدا "محەممەد عارف سۆهرابی،" بریندار و هەنووکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان، بینایەکی ٤ نهۆمی لە شاری "نەوسوود" لە پارێزگای کرماشان، بەهۆی نەشتی گاز ڕووخا و و سەرجەم ٨ کەس بوونە قوربانی کە چوارکەسیان هەتا ئەمڕۆ دووشەممە گیانیان لەدەست داوە و چوار برینداری دیکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.