کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک بۆمبی نەتەقاوە لە هەڵەبجە دۆزراونەتەوە کە گومان دەکرێت بۆمبی کیمایی بن

17:29 - 12 رەشەمه 2721

''لوقمان عەبدولقادر''، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە،هەتا ئێستا ٨ بۆمب دۆزراونەتەوە و بەرپرسانیان لێ ئاگادار کراوەتەوە. ئەو بۆمبانە نەتەقیونەتەوە و مەترسیی ئەوە هەیە کە بۆمبی کیمیایی بن".

بە وتەی شایەتحاڵەکان ژمارەیەک لەو بۆمبانە بە دڵنیاییەوە کیمیایین، چونکە ئەو کەسانەی بینیویانن خۆیان دایانپۆشیون یان خستوونیانەتە ناو بیری ئاوەوە.

 دوکتور ''هەڵگورد عەلی'' بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە باسی لەوە کردووە: "ئەگەر ئەو بۆمبانە گازەکەیان دزە بکاتە ئاوی ژێرزەوییەوە، دیسان کارەسەتیان لێ دەکەوێتەوە".

 ئەو ٨ بۆمبە هەر یەکەیان لە شوێنێکی نێو شاری هەڵەبجە دایە و خانوویان لەسەر دروست کراوەتەوە.

 "لوقمان عەبدولقادر" باسی لەوەش کردووە: "خەمساردییەکی زۆر بەرامبەر لەنێوبردنی ئەو بۆمبانە هەیە، دەشتوانم بڵێم ژمارەی بۆمبە نەتەقیوەکان لەوە زیاترە، کاتێک ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی دروستکردنی پارکێکدا بۆمبێک دەرکەوت و گازەکەی ڕژایە سەر زەوی ژمارەیەک کەس بریندار بوون."

 لە هەڵەبجە ژمارەیەکی کەس هەن کە لە ئەنجامی کیمیابارانکردنی ئەو شارە بریندار بوون و ئێستا تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوونه بۆ ئەو مەبەستەش نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دروستکراوە.

 ڕێکەوتی ١٦ی مارسی ساڵی ١٩٨٨ی زایینی لەلایەن ڕێژیمی "سەدامـ"ـەوە بە فڕۆکەی شەڕکەر هێرشی کیمیایی کرایە سەر "هەڵەبجە". لەو تاوانە دڵهەژێنەدا زیاتر لە ٥ هەزار خەڵکی مەدەنی شەهید بوون و بە دەیان هەزار کەسیش بریندار و ئاوارەی ناوچە و بەشەکانی دیکەی کوردستان بوون.