کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە پارێزەرانی کوردستانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ هاوسەرۆکی HDP، سەرکەوتنی ئەو حیزبەیان پیرۆزبایی کرد

17:27 - 22 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: پارێزەرانی کوردی کوردستانی رۆژهەڵات لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، سەرکەوتنی پارتی دێموکراتیکی گەلانـیان لە سەرۆکایەتی، ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە، پیرۆزبایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ژمارەیەک پارێزەرانی کوردستانی رۆژهەڵات، بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتی دێموکراتیکی گەلان لە هەڵبژاردنی پارلمانیی ئەو وڵاتەدا، لە دووتۆی نامەیەکی سەرئاوەڵا رووبە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی ئەو حیزبە، پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی ناوبراو و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی HDP کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ بەئاوات خواستن.

لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە کە هەڵبژاردنە چارەنووس‌سازەکەی پارلمانی تورکیە بە بەشداریی گەلانی تورکیە بەڕێوەچوو و خەڵکی تورکیە لە پێناو دەستخستنی سەرکەوتنی دێموکراسی هەنگاوێکی پتەویان هەڵێنا و ئەم بزووتنەوانە دەرخەری پێگەیشتن و تێگەییشتنی خەڵک و داواکاری ئەوان بۆ گەیشتن بە دێموکراسیی راستەقینە و بەگژداچوونی زوڵم و زۆرە.

پارێزەرانی کوردستانی ئێران لەو نامەیەدا رایانگەیاندووە کە ئێمە ئەم گۆڕانکارییە و بەدەست هێنانی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بە پارتی دێموکراتیکی گەڵان کە باوەڕی بنەڕەتی بە دێموکراسی هەیە و هەروەها گەلانی تورکیە بە تایبەت نەتەوەی کورد پیرۆزبایی دەکەین و لە خۆشی بە دەستهێنانی ئەم سەرکەوتنەدا بەشدارین.

رۆژی یەکشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤، لەسەدا ٨٤ی دەنگدەرانی وڵاتی تورکیە چوونە سەر سەندووقەکانی دەنگدان و چارەنووسی حیزب، لیست و قەوارە سەربەخۆکانی ئەو وڵاتەیان یەکلایی کردەوە.

پارتی دێموکراتیکی گەلان(هەدەپە) کە بە پارتێکی کوردی لەکوردستانی تورکیە دێتە ئەژمار لەم خولەی هەڵبژرادنەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دەنگەکانی بە نیسبەت هەڵبژاردنەکانی پێشوو زیادی کردووە و توانیویەتی بەربەستی لەسەدا ١٠ تێپەڕ بکات و ١٣%ی دەنگەکان بە دەست بێنێت.