کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان زیاتر لە پیاوان حەزیان لە چوونە دەرەوە لە ئێرانە

17:17 - 4 رێبەندان 2721

"بەهرام سەڵەواتی" بەڕێوەبەری چاوەدێریی پەنابەرانی ئێران، بە هەواڵدەریی "خەبەر ئانلاینـ"ـی ڕێژیمی ئیرانی وتووە: "هەرکات کە بارودۆخی ئابووریی ئێران ڕووی لە باشبوون کرد خەڵک کەمتر دەچنە دەرەوە بەڵام بەپێچەوانەوە هەرکات بارودۆخ خراپتر بێت زیاتر دەڕۆن کە لەو نێوانەدا ڕێژەی ژنان زیاترە".

ناوبراو لەسەر ئەو بڕوایەیە کە زۆربەی ئەو کەسانەی حەز بە پەنابەری لە وڵاتانی ڕۆژاوایی دەکەن و دەبنە پەنابەر ئەو کەسانەن کە بڕوانامەی زانکۆیان هەیە و بێکارن کە لەو نێوانەدا ژنان بەشی زیاتری ئەو حەشیمەتە پێک دەهێنن.

لەو پەیوەندییەدا "مەزاهر گودەرزی" کارناسی بواری پەنابەری وتوەیەتی: "ڕۆیشتن لە ئێران ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ژنان و پیاوان بە دوای ژیانێکی باشترەوەن و بۆ هەمیشە دەچنە وڵاتانی وەکوو ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئاڵمان، بریتانیا و ئامریکا کە بەو ئاکامە گەیشتوون لە ئێراندا داهاتویەکیان نییە".

"گودەرزی" لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە بەردەوامبوونی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بوونەتە هۆکارێک کە حەزی چوونە دەرەوە لە ئێران زیاتر ببێت.

جگە لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ژنان لەنێو سیستمی ڕێژیمی ئێراندا ناتوانن سەربەخۆیی ئابوورییان هەبێت و لە زۆربەی مافەکانیان بێبەشن، تەنانەت لەنێو ئێراندا ئەمنییەتییان پارێزراو نییە.