کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان لە سنە بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنا

11:55 - 5 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەز کۆمەڵێک لە ژنان لە شاری سنە، بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاری و وەستانەوە بەرانبەر بە توندوتیژی دژ بە ژنان، لە کێوی "ئاویەر"، کۆبونەوەیەکیان پێک هێنا.لەو کۆبوونەوەیەدا ژنان بە نووسینی دروشمی "ژنان مەکوژن"، "کوشتنی ژن بە هەر شێوازێک مەحکووم دەکەین" و "نا بۆ ژن کوشتن" دژایەتیی خۆیان لەهەمبەر توندوتیژیی دژی ژنان دەربڕی.

لەو کۆبونەوەیەدا یەکێک لە ژنانی بەشداربوو ڕاپۆرتێکی لەسەر کوشتنی ژنان بەهۆی کێشەی نامووسی لە کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

بەپێی ئامار فەرمیی "کوردپا" لە ٢٥ی نوامبری ٢٠٢٠ زایینی هەتا ٢٥ی نوامبری ٢٠٢١وە ٣٨ حاڵەت خۆکوژی و ژنکوژی لە کوردستان ڕووی داوە.

بەپێی ئەو ئامارە کێشەی بنەماڵەیی لە هۆکاری سەرەکیی کوژرانی ئەو ژنانە بووە و زۆربەشیان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.

ڕۆژی ٢٥ی نوامبر لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕۆژی  بەرەنگاری و وەستانەوە بەرانبەر بە توندوتیژی دژ بە ژنان، دیاری کراوە.