کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان لە ئێران لە کەمترین مافەکانیان بێبەرین

12:44 - 17 رەشەمه 2719

هاوپەیوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە.

لەو بەیانییەیەی هاوپەیوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا، سەرەتا باسێک لەسەر مێژووی ڕۆژی ٨ی مارس کراوە و هەروەها ئاماژەی بە خەباتی ژنان لە ئێراندا و بەرتەسک بوونەوەی مافەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو، پاش هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامی کردووە.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە یاساکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا، نادادپەروەری بەرانبەر بە ژنان بە شێوەی نووسراوە بەرچاو دەکەوێت کە ژنان لە زۆربەی مافە ئینسانییەکانیان بێبەش کراون و ئاماژە بە چەند نموونە لە ئەو پێشێلکارییانەی مافی ژنان کە لە یاسای بنەڕەتیدا بوونی هەیە، کراوە.

لەو بەیانییەدا باس لەوەش کراوە کە هەڵاواردنی ڕەگەزی نەتەنیا لە یاسا فەرمییەکانی وڵاتدا، بەڵکوو لەنێو کولتووری کۆمەڵگاشدا زاڵە و کۆمەڵگا لە جەوێکی پیاوسالارانەدایە کە ئەو کولتوورە پیاوسالارانەیەش لەلایەن بەڕێوبەرانی وڵاتەوە هێزی پێ دەدرێت.

هاوپەیوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئیران لەو بەیانییەیەدا ڕایگەیاندووە کە لە قۆناغی ئیستادا هەنگاوی یەکەم بۆ خەباتی ژنان دژ بە یاسا و ڕێسا پیاوسالارانەکان لەو کۆمەڵگایەدا، تێپەڕین لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە و مەرجی سەرەکیی خەبات لە بەرانبەر هەڵاواردنەکان، گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازادە.