کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان و ئامادەبوون لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە

16:54 - 14 سەرماوەز 2719

ڕۆژیندا بەیان

خۆپیشاندانی ئەم دواییانەی شارەکانی ئێران، ناسراو بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر بە ناڕەزایەتی بە گرانکردنی بێنزین لە لیترێک ١٠٠٠ تمەن بۆ ٣٠٠٠ تمەن دەستی پێکرد. خۆپیشاندانێک کە نیوەشەوی ٢٤ی خەزەڵوەر دەستی پێکرد و نزیک یەک حەوتووی خایاند، ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی گرتەوە. خەڵک سەرەتا خوازیاری ئەوە بوون بە دوور لە هەر چەشنە توندوتیژییەک و تەنها بە وتنی دروشم خواستەکانی خۆیان دەرببڕن، بەڵام هێزە بەناو ئەمنییەتی و سەربازییەکان وەک ئەوەی لە پێشدا بۆ ئەوە ئامادە کرابێتن کە هەر چەشنە خۆپیشاندانێک هەر چەند ئارامیش بێت بەتوندی وەڵام بدەنەوە، دەسترێژیان لە خەڵک کرد و وەڵامی خواستی ڕەوای خەڵکیان بە فیشەک دایەوە. خەڵک کە ئەم جۆرە هەڵوێستەی ناوەندە ئەمنییەتی و سەربازییانەی بینی زۆر زوو خواستەکانی خۆیان لە خواستی دابەزاندنی نرخی بێنزینەوە بەرز کردەوە بۆ دروشمی ڕادیکاڵ و دژ بە نەبوونی ئازادی و دەسەڵات وەستانەوە و دروشمیان وتەوە. هێرشیان کردە سەر ناوەندە حکوومەتییەکان و ناوەندە حکوومەتی و سپایی و نیزامییەکانیان کرد بە نیشانە.

تا ئێستەش ئامارێکی تەواو لە ژمارەی قوربانییەکانی ئەم دەورەیەی خۆپیشاندانی خەڵک بوونی نییە. دەسەڵات و ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکان لەوە خۆ دەبوێرن کە ژمارەی قوربانییەکان ئاشکرا بکەن. باس لە ژمارەی سەرووی ٣٠٠ کەس کوژراو دەکرێت. هەروەها ژمارەیەکی زۆر بریندار هەیە. جگە لەوەی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە شێوەی "شەلم، کوێرم، ناپارێزم" دەستیان کرد بە ڕەشبگیریی خەڵک و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیان دەسبەسەر کردووە. هەرچەند تا ئێستەش ئاماری دەسبەسەرکراوەکان نەزانراوە. لەم نێوەدا لە شارە کوردنشینەکانی کرماشان، جوانڕۆ، مەریوان، بۆکان و سنە، دەیان کەس بوون بە قوربانی و ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەسبەسەر کراون. بە بڕیاری ناوەندە باڵاکانی حکوومەت و بە مەبەستی بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەی هەواڵ و زانیارییەکان تۆڕی ئینتەرنێت بۆ ١ حەوتوو لە هەموو ئێران پچڕا و تەنانەت کێشەش بۆ هێڵی تەلەفۆن دروست بوو.

خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە دەکرێت بە درێژکراوەی زنجیرییەک لە خۆپیشاندانەکان بزانین کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئێران دەستی پێکردووە و ئاماژەکان بەوە دەچن ئەم شەپۆلە درەنگ یان زوو دەست پێدەکاتەوە. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ بێگومان درێژکراوەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ـە کە زیاتر لە ١ مانگی خایاند و بەشێکی زۆر لە شارەکانی ئێران و کوردستانیشی گرتەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانی بەفرانباری ٩٦ ئەوە بوو کە ئیتر خەڵک پشتیان لە باڵەکانی دەسەڵات کرد و هەردوو باڵی حکوومەتی، واتە "ڕیفۆرم خواز" و "پاوانخواز"یان کردە نیشانە. ئەگەر لە خۆپیشاندانی ناسراو بە "بزووتنەوەی سەوز"دا خەڵک تەنها ڕووی دەمیان لە باڵێکی دەسەڵات بوو، ئەمجارەیان هەر دوو باڵی دەسەڵاتیان کردە نیشانە و ئەمەش ترسی خستە گیان دەسەڵات بە هەردوو باڵەکەیەوە.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی بەفرانباری ٩٦ و ڕۆژان و مانگەکانی دواتر، بەشداریی بەرچاوی ژنان بوو لەو خۆپیشاندانەدا و هەروەها دەرکەوتنی ڕەوتێک بوو بە ناوی "کچانی گۆڕەپانی ئینقلاب" کە ژنان بە ئاشکرا لە شوێنە گشتییەکان لەچکە و "حیجابـ"ـیان لەسەر خۆیان لادەدا وەک نیشانەیەک دژ بە یەکێک لە بنەما ئایدۆلۆژیاییەکانی دەسەڵات.

جگە لەوە ژنان بە شێوەی بەرچاو بەشدار بوون لە خۆپیشاندانەکان و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرز کردەوە، چ وەک ژنان و چ وەک کۆمەڵگا. خواستەکانی ژنان هەم بەشێک بوو لە خواستە گشتیگیرەکانی کۆمەڵگا واتە دژ بە نەبوونی ئازادی، هەژاری، داخراویی کۆمەڵگا دەنگیان بەرز کردەوە و هەروەها دژ بە هەڵاواردنی جێندەری و نەبوونی ماف وەک ژنان لە کۆمەڵگا دەنگیان بەرز کردەوە، لەچکە و حیجابیان لەسەر خۆیان لابرد لە شوێنە گشتییەکان خواستی خۆیان وەک ژنان نیشان دا و ئەوەیان خستەڕوو کە ئەوانیش وەک ژن لە مەیداندا بوونیان هەیە و خوازیاری گەیشتن بە مافە کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەکانی خۆیان بوون.

لە دەوری نوێی ناڕەزایەتییەکاندا کە بە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ ناسراوە، ژنان بە هەمان شێوە دەوری چالاکیان هەبوو، ژنان خۆیان ئامادە کردووە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا و لە هەموو پانتاکاندا ئامادە بن. ئەو دیدەی کە دەیویست ژنان بکات بە گۆشەنیشنی ماڵ و پەراوێزخراو، ناتوانێت لە کۆمەڵگا درێژە بە تەمەنی خۆی بدات، ژنان لە هەموو بوارەکاندا خۆیان نیشان دەدەن و دەری دەخەن کە هەن، درێژە بە بوونی خۆیان دەدەن و بە درێژەدان درێژە دەدەن، درێژەدان بە درێژەدان دروشمێکە کە سەرجەم مێژووی مۆدێرنیتی تەنیوەتەوە هەر لە بۆدلێرەوە تا ئێستە.

ژنان لە دەوری نوێی ناڕەزایەتییەکاندا شەقامیان کرد بە گۆڕەپانی بوونی خۆیان. دەرکەوتن لە شەقام دەرکەوتنێکی مۆدێڕنە، دژ بە ئەمنییەتی ماڵ. لە نێوان مانەوە لە چوارچێوەی ماڵدا مەترسی بوون لە شەقامیان هەڵبژارد و "خیابانیان کرد بە سەنگەر". بە سەنگەر کردنی شەقام یان خیابان، تەواو وەستانەوەیە دژ بە چوارچێوەی ماڵ. وتنی ئەوەیە کە ئێمە هەین و خواستی خۆمان و دەنگی خۆمان هەیە.

ژنان لەم دەورەیەدا هاتنە مەیدان و دەنگی خۆیان بەرز کردەوە و لەو پێناوەشدا قوربانییان داوە. قوربانی بوونی ژنان نیشانەیە بەوەی کە ئەوان بە مانەوە لە کونجی ماڵەوە ڕازی نین، ئەگەر تەنانەت گیانی خۆشیان بکەن بە قوربانی.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.