
کوردستان میدیا: درێژەی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی نەیشەکەری هەفتتەپە و فوولادی میللی خووزستان، پەیوەست بوونی ژنانی بەدواوە بوو.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، کرێکارانی گرووپی میللی پیشەییی فوولادی ئێران، پێنجەمین ڕۆژ و کرێکارانی موجتەمەعی کشت و سەنعەتی هەفتتەپە، دەیەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند؛ لەم ناڕەزایەتیدەربڕینەدا کرێکارەکان بەرەو لای بینای ئوستانداری خووزستان و فەرمانداریی شووش ڕێپێوانیان کرد و لە بەردەم ئەم بینایەدا کۆ بوونەوە.
کۆبوونەوەی ئەمجارەی کرێکارانی نەیشەکەری هەفتتەپە، هاوکات لەگەڵ بەشداریی چالاکانەی ژنانی کرێکار و بنەماڵەی کرێکارەکانی ئەم موجتەمعە بوو.
کرێکارانی نەیشەکەری هەفتتەپە، کە مووچەی ٤ مانگیان پێ نەدراوە، لە سەر پلاکاردێک لە هەمبەر تایبەتسازیی ئەم موجتەمعە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و نووسیویانە: وەزیری بەڕێزی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید؛ نەبزی هەفتتەپە لە حاڵی ڕاوەستاندایە. ئاکامی درانی ئەم بەشکۆیە بە کەرتی تایبەتە، ئەمانەن: کڵاولەسەرنان، گەندەڵیی ماڵی و بێکاری ٦٠٠٠ کرێکار.
کرێکارانی گرووپی میللی پیشەیی فوولادی ئێران، کە داخوازییە سێنفییەکانیان سیاسیتر بووەتەوە، بە دروشمگەلێکی لە چەشنی، نە حاکم ، نە دوڵەت، بیر لە خەڵک ناکەنەوە، دزەکان هەموو پێکەوەن، ڕێگای یاسایان بەستووە؛ ڕەخنەیان لە گرینگی نەدانی بەرپرسانی کارخانە و ناوەندە دەوڵەتییان گرتووە.
لە لایەکی تریشەوە، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کرێکارانی ڕۆنی جیهان لە زەنجان، ڕۆژی چوارشەممە ، ٢٣ی خەزەڵوەر، بۆ سێهەمین ڕۆژی دوابەدوای یەک لە بەرانبەر بینای ئوستانداریی زەنجان کۆ بوونەوە.
لە بەفرانباری ڕابردووەوە هەتا ئێستا، ناڕەزایەتیدەربڕینە کرێکارییەکان، لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا زیادیان کردووە، که لەم نێوانەدا ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، خولی دووهەمی خۆی تێپەڕاند و ناڕەزایەتییەکانی کامیۆندارانیش خەریکی تێپەڕکردنی چوارەمین خولی خۆیەتی.