کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان کۆڵبەریی ئاو دەکەن

17:20 - 16 بەفرانبار 2720

لە هەندێک لە پارێزگاکان کە له ئاوی خواردنەوە بێبەشن، لە گوندەکان ژن و منداڵ ڕێگەیەکی دوور دەبڕن بۆ ئەوەی بە کۆڵ ئاوی خواردنەوی خۆیان دابین بکەن.

"مەهتا بەزر ئەفکەن" لێکۆڵەری بواری ئاو باسی لەوە کردووە، لەگەڵ نادادپەروەری بەرەوڕووین، بۆ هێندێک لە پارێزگاکان بودجەیەکی زۆر خەرج دەکرێت، بەڵام هێندێک پارێزگا لە بوونی ئاوی خواردنەوە بێبەشن.

ناوبراو وتوویەتی، لە پارێزگای خوراسان نزیک بە ٣٠٠ گوند لەبەر نەبوونی ئاوی خواردنەوە ڕوویان لە پەراوێزی شارەکان کردووە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، وەزارەتی وزە لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی ئاوی خواردنەوە خۆی بە بەرپرسیار نازانێت، بۆ نموونە ئەگەر لە گوندەکان بە جێگای وەرزێڕیی سوننەتی بە شێوەی گوڵخانەیی وەرزێڕی بکرێت، ئاوە ژێرزەوییەکان بە شێوەی دروست بەکار دەهێنرێت.

بە وتەی "مەهتا بەزر ئەفکەن"، کۆڵبەریی ئاو ئاکامی سیاسەتی هەڵەی بەڕێوەبەریی ئاوە.