کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی وەرزشوان لە بواری مووچەوە تووشی هەڵاواردن دەبن

11:10 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: جیا لەوەی کە جۆرەکانی سنووردانان و هەڵاواردن لە نێوان وەرزشوانانی ژن و پیاودا، ژنان تووشی کێشە دەکات، کەمبوونی مووچەی ژنان به نیسبەت پیاوان لە بوارە وەرزشییەکانیشدا کێشەیەکی سەرەکیی بۆ ژنانی وەرزشوانە.

سروور ساعدی داوەری نموونەی یارییەکانی فووتباڵی ژنانی ئاسیایە، که لە دەست سنووردانانەکان و هەروەها نەریتە زاڵەکان بەسەر کۆمەڵگادا دەناڵێنێ.

ساعدی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ لە شاری سنەیە و بۆ ماوەی ١٨ ساڵە لە بواری وەرزشیدا چالاکی دەکات.

ناوبراو لە وتوێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی فارس، پاش گەڕانەوەی لە یارییەکانی کافکا، لە وڵاتی ئۆزبەکستان باسی لە کێشەکانی ئەم بوارە وەرزشییە کردووە.

ناوبراو وتوویەتی: ماوەی ١٨ ساڵە بە شێوەی پسپۆڕانە کاری داوەری دەکەم و لە سەرووترین ئاستی یارییەکانی ئێراندا بوومە، زیاتر لە ٢٠٠ داوەریم لە لیگی یەکەمەکاندا و لە یارییەکانی کافکای ئاسیادا هەبووە.

ساعدی سەبارەت بە تایبەتمەندیی ژنانی داوەر وتوویەتی: جیاوازییەکی نییە و لە هەموو شوێنەکانی دنیادا هەموو ئەو کەسانەی کە کاری داوەری دەکەن، دەبێ لە بواری جەستەیی و زانستی داوەریدا بەڕۆژ بن و لە گەیشتن به ئامانجەکەیان جیدی بن.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێمە لە بواری یاسای یاری و تاقیکاریی ئامادەبوونی جەستەوە هیچ جیاوازییەکمان لە گەڵ پیاوان نییە، بەڵام مووچەکانمان جیاوازییەکی ئێجگار بەرچاویان هەیە؛ ئێمە بۆ سەلماندنی خۆمان هەوڵی زۆر دەدەین، بەڵام دژکردەوەی کۆمەڵگا بە نیسبەت ژنێکی داوەرەوە گونجاو نییە.

ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا بە شێوازگەلی جۆراوجۆر تووشی هەڵاواردن دەبن، ژنانی وەرزشوان دەبێ لە کاتی یاریکردندا بەتەواوەتی خۆیان داپۆشن؛ مووچەی دیاریکراوی گرێبەستەکانیان زۆر کەمە و زۆربەی جاریش بە هۆی نەبوونی پشتیوانیکار خۆیان دەبێ تێچووی جلوبەرگ و پێداویستییەکانی تیمەکەیان دابین بکەن. نموونەی بەرچاوی ئەم تیمانه، تیمی هەندباڵی شاری سنە بوو کە نەبوونی پشتیوانیکار بووە هۆی ئەوەی کە لە لیگی یەکەمەکاندا نەمێنێت.