کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی کورد لە راساندا

18:24 - 20 رەشەمه 2718

ئەڤین حەکیم‌پوور

کاتێک باس له هەلومەرج و بارودۆخی ژنان له کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا دەکرێت، ڕاستەوخۆ ئەوەمان بیر دەخاتەوه که ژن چەنده داخراو و بەستراوەیه و بەربەستی له بەر داهێنان و سەرکەوتن له ژیانیدا هەیه.

 له کۆمەڵگای ئێراندا لە کۆنەوه و لە نێو ئەفسانەکاندا باس لەو بیرە کۆنانە کراوه وەک شێعره دژەژنەکانی فێردەوسی تووسی کە ده ڵێت: زن و اژدها هر دو در خاک بە ..... جهان پاک از این هر دو ناپاک بە.....چون زاد دختر دهیدش بە گرگ....کە نامش ضعیف است و ننگش بزرگ.

ژن و پیاویان له یەک نامۆ کردوون به جۆرێک کە وەک بوونەوەرێکی سەیرو سەمەره چاو لە یەک دەکەن، له کاتێکدا کۆمەڵگای کوردەواری نە ئەوه بووه و نه ئەوەی دەوێ، شارستانیەتی و مێژوو و کلتووری کوردستان نیشانیان داوه که ژن و پیاو شان به شانی یەک له هەموو کاروبار و خۆشی و ناخۆشییەکدا لەگەڵ یەک بەشدار بوون بۆ نمونه هەڵپەڕکێ که ژن و پیاو دەست له نێو دەستی یەک که هێمای پێکەوه ژیان ویەکسانییه و پێکەوە ئەو خۆشییه بەڕێ دەکەن، ئەوەندەش که بۆمان ماوەتەوه خەریکه کلتووری ساخته وپەرداختە ئەویشمان لێ دەستێنێتەوه، یا شان بەشانی پیاوەکان بۆ ئەستاندنی مافە ڕەواکانیان لە خەباتی سیاسی و چەکداری تا ئێستاش لە نێو هێزی لەبڕان نەهاتوو و هیوابەخشی ڕاسان کە پێکهاتەی خەباتی شاخ و شاره بەشدارن و ڕۆڵ وپێگەی ئەو ژنە شۆڕشگێڕو باوەڕ بەرزانە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا سەرکەوتوو و شوێندانەر بوون و مێژووش ئەوه ی سەلماندووه.

 ژنان هەر لە لایەک مافی ژن بوون و مرۆڤ بوونیان نەخوراوه بەڵکوو دەوڵەت که ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ بە دوای ئەویشدا کۆمەڵگا و بنەماڵه لەم پرۆسەدا ژنان دەچەوسێننەوە و لە کۆمەڵگادا وەکوو 'ڕەگەزی دووەم' دووریان دەخەنەوە.  هەروەها ژن له لایەن ژنەوه دەچەوسێتەوه هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوه بۆ ئەو بەرچەسپه ڕەگەزیانەی لە کومەڵگا بەرەو ڕوویان دەبنەوە وەک ژن زەعیفه، ژن ئاقڵی له کۆشیدایه، ژن ناتوانێ بڕیاربۆخۆی بدا، ئەوەنده لەو جۆره کلیشه ڕەگەزیانه دەرخۆری مێشکیان دەدرێ که زۆربەی ژنان بەره و گوێ له مستی و کۆیلەیی و دواکەوتوویی دەبات دوایی ژن به شێوەیەکی زۆر ئاسایی فەرمانی ئاقڵی خۆی دەداته دەست پیاو و له ئاکامدا ژن بۆخۆی، خۆی دەچەوسێنێتەوه.

 ژنان لەم وڵاتەدا مافی بڕیاردانیان نییه، تەنانەت سەبارەت به خۆشیان، پەروەردەی ساخته و کۆیلەیی و گوێ له مستی دژەژنی وای کردوە کە بەشێک لە ژنان نەتوانن له سەر پێی خۆیان ڕاوەستن. ژنان دەبێ بڕیارەکان بکەن به کارو کارەکانیش بکەن به ئەرک، ئەگەر ناڕەزایەتیش دەربڕن ئەوه دەدرێنه بەر سزاو تۆمەتی زماندرێژیان لێ دەدەن تەنها وا خۆشەویست و له بەر چاودەگیرێن که فەرمان و بڕیارەکان بەڕێوه بەرن. ژنان ئەوەنده چەوساونەتەوه که ئەوەی دەشیزانن له بوونیاندا کپکراو و خنکاوه، نازانن چۆن و به چ زمانێک دەریبڕن تەنانەت بوێریشان دادی ترس و دڵەڕاوکێیان نادا.

 بابەتێکی دیکه کە باری ئەرێنی و نەرێنی لەخۆ دەگرێت و هەیە ، بەڵام له وڵاتی من له جێگای کەڵکی باش، بۆته کارەسات کە هۆکارەکەشی لە بێکارییەوه سەچاوه دەگرێت. تێکنۆلۆژیا و تۆڕه کۆمەڵایەتیەکانن، بەشێک لە پیاوەکانی کۆمەڵگای کوردەواری وا نیشان دەدەن که نامووسیان زۆر بۆ گرینگه و زۆربه بەهایه له لایان، تەنانەت به نامووسیان سوێند دەخۆن بەڵام بێ ئاگان لەوە و تەنانەت خۆشیان دەبنە قۆربانی ئەو عەقل و کەلتورە. یا غیرەتی بێ جێ ئەو ئیزنەیان پێنادا که بزانن هەڵسوکەوتی نەشیاو و دوور له شارستانیەتی کلتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردستانە کە زەربه له نامووسیان دەدا، ئەویش دابەستنی ژنان له بن هۆڵ وچوارسووچی بێ ڕۆحی ماڵەکەیانه لەو چوارچێوەیەدا. ئامێرێک به ناوی موبایل بیست و چوار کاتژمێر له بەردەستیاندایه ئەویش زۆربەی کاتەکان بێکاری و زۆرداری و زەبروزەنگ وچەوسانەوه رێگه خۆشکەرن بۆ ئەوەی ئەو موبایله ماوه به ماوه بۆیان ببێته ماڵێکی گەرم و خۆش؛ دوای ماوەیەک ئەو ماڵه گەرم و خۆشه ماڵوێرانکەره به سەریاندا دەڕووخێ و وەک قوربانییەکی بێ پەنا دووبارە دەردەکرێن بەڵام ئەمجارەیان کۆمەڵگای پیاوسالار هەڕەشەیان لێدەکا و بەو شێوەیه زۆربەی ژنان له ترسی ئابڕوویان تووشی خۆسووتاندن و خۆکوشتن دەبن یا تووشی کێشەی دەروونی و یاخی بوونیان دەکا.

پرسیارم له کۆمەڵگای وڵاتەکەم ئەوەیه، به جێگای ئەوەی کۆمەڵگایەکەمان به شێوەیەکی عاقڵانە شان به شانی یەک، بەرەو ئاقارێکی ڕاست و دروست و یەکسان بەرین، یا تووشی کارەساتێکی قەرەبوونەکراو بین ،کامیان باشتره؟ داوام له کۆمەڵگام ئەوەیه با ڕاسان بکەینه هەوێنی ڕزگاری و ئازادی، با پەت و زنجیری دیل و کۆت و دواکەوتوویی بپچڕێنین، با ڕۆحی سەرکەش و یاخیبوومان بە هاتن بۆ فێرگەی سیاسی و نیزامی ڕاسانیانی سەربەرز و شۆڕشگێڕ بە پەروەردەیەکی پێشمەرگانە بیری بەرزی ئازادی و هیوای ئازادی لە دڵمان داکووتین . بەر له هەموو شتێک خەبات بۆ لەنێوبردنی کۆنەپەرەستی و دواکەوتوویی بکەین و دواتر با بێینه نێو ڕیزەکانی حیزبی ئاڵاهەڵگری خەباتی یەکسانیخوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ کەوایه بۆ پێشەوه بەرەو ڕزگاری و ئازادی کۆمەڵگا و وڵاتەکەمان.  

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.