کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی کوردستان بە دروشمی "ئیتر با بەس بێت" لە بەرانبەر ژنکوشتندا ڕادەوەستن

12:29 - 27 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ژنانی کوردی ڕۆژهەڵات دانیشتووی دەرەوەی وڵات، بەیاننامەیەکیان بە مەبەستی مەحکوومکردنی کوشتن و خۆکوژیی ژنان بڵاو کردەوە.

ژنانی کوردی ڕۆژهەڵات دانیشتووی دەرەوەی وڵات، لە بەیاننامەیەکدا لەژێر ناوی "ئیتر با بەس بێت"، دیاردەی ژن کوشتن و خۆکوژیی ژنانیان مەحکووم کرد.

ژنان لەو بەیاننامەیەدا، دیارەدەی ژنکوشتن کە بە پاساوی شەرەف دەکرێت، بە قەسابخانەیەکی دانپێدانراو لە لایەن کۆمەڵگای کوردییەوە بۆ هەموو چین و توێژەکان دەشوبهێنن و داوا لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان و چالاکانی بواری ژنان و ڕۆشنبیران دەکەن، کە لە بەرانبەر ئەم پرسە هەڵویست بگرن.

لە بەشێک لەو بەیاننامەدا هاتووە: "ئێمە وەک ژنانی ڕۆژھەڵات لە دەرەوەی وڵات، بە توندی ئیدانەی ئەم دیاردە جەرگبڕەی ژنکوشتن، بەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکەین و داواکارین لە گشت ڕێکخراوە مەدەنیییەکان، ماڤی ژنان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بێنە سەر خەت و سنوورێک بۆ ئەم دیاردە قێزەونە، واتە دیاردەی ژنکوشتن دابندرێت!"

ئەو بەیاننامەیە، لە لایەن ١٣٤ کەس لە چالاکانی بواری ژنان واژۆ کراوە و ئامانج لە نووسینی ئەو بەیاننامەیە، پێشگرتن و سنووردارکردنی دیاردەی خۆکوژیی ژنان، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.