کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی کوردستان بەرزترین ئاماری بەخشینی خوێنیان هەیە

13:00 - 8 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ژنانی کوردستان، دوو قات زیاتر لە ژنانی ناوچەکانی دیکەی ئێران، خوێن دەبەخشن.

بەرپرسی گشتیی گواستنەوەی خوێنی کوردستان، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنای سەر بە ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵەوە، زیاتر لە ٩١٢ ژن بۆ بەخشینی خوێن، سەردانی ناوەندەکانی بەخشینی خوێنیان کردووە، کە ئەم ڕێژەیە لە هەموو بەشەکانی دیکەی ئێران، دوو قات زیاترە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەم ساڵەوە، ٨ هەزار و ٧٩٢ کەسی خۆبەخش، سەردانی ناوەندەکانی بەخشینی خوێنیان لە کوردستاندا کردووە.

پارێزگاکانی کوردستان، لە ماوەی دەسەڵاتی ڕێژیمدا و بەهۆی پەراوێزخستنیان، بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام، لە ڕیزبەندییە نەرێنییەکانی وەک  ئامارەکانی خۆکوژی، خەمۆکی، گرانی و هەڵاوسان، پلەکانی یەکەم هەتا سێهەمیان تۆمار کردووە.

بەڵام کاتێکیش دەگاتە کارە خێرخوازییکان، بەردەوام لە پلەکانی سەرەوەدان و گرانی و کێشەکانی دیکە نەیتوانیوە هەستی مرۆڤدۆستییان کەم بکاتەوە. هەر وەک چۆن لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەی کرماشان و هاتنی لافاو لە پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان و گوڵستان، بە هانای خەڵکی زیانکەوتوو ڕۆشتن و هاوکارییەکانی خۆیانیان پێگەیاندن.