کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێک لە شاری سەقز بە هۆی هەژارییەوە کۆتایی بە ژیانی هێنا

11:30 - 16 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەهۆی هەژاری و بێدەرەتانییەوە ژنێک لە شاری سەقز، خەڵکی ئاوایی مەڕان لە ناوچەی تیلەکۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نەهیە ئەلیاسی خەڵکی ئاوایی مەڕان سەر بە ناوچەی تیلەکۆی سەقز، دانیشتووی گەڕەکی حاجیاوای ئەم شارە، بەهۆی هەژاری و بێدەرەتانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لەحاڵێکدا کە بەشێک لە لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی ئیددعای بنبڕکردنی هەژاری لە ئێراندا دەکەن و بەردەوام وادەی درۆیین بە خەڵک دەدەن کە هەوڵ بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەدەن، ڕێژەی خەڵکی هەژار لە ئێران بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە.

ماوەیەک پێش ئێستا ماڵپەڕی تابناک لە زاری پەرویز فەتاح، سەرۆکی کۆمیتەی ئیمدادی خومەینییەوە بڵاوی کردەوە: ڕێژەی هەژاری لە ئێران بەردەوام لە هەڵکشانە و ڕۆژانە ژمارەی هەژار و بێدەرەتانەکانی کۆمەڵگای ئێران زیاد دەبێت.

ناوبراو وتبووی: لانیکەم ١١ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەڵام سەرۆکی ستادی جێبەجێکاری بڕیاری ئیمام، لە وەڵامیدا وتبووی: ئەم ئامارە درووست نییە و لانیکەم ١٢ میلیۆن کەس، لەژێر هێڵی هەژاری ڕووتدا دەژین و ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەژێر هێڵی ڕێژەیی هەژاریدان، ٣٠ میلیۆن کەسە!

بەوتەی هەندێک کارناسی کۆمەڵایەتیش لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ٧٠%ە کە بەردەوام لە هەڵکشاندایە؛ سەرەکیترین هۆکارەکانی پەرەسەندنی هەژاریی لە ئێرانیش بۆ یارمەتییە میلیۆن دۆلارییەکانی ئێران لە رێژیمی بەشار ئەسەد، میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، حووسییەکان و گرووپە میلیشیاییەکانی عێراق دەگەڕێننەوە.