کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێکی ئامریکایی دانی بەوەدا ناوە کە لەگەڵ بازرگانێکی ڕێژیمی ئێراندا هاودەست بووە

13:17 - 23 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ژنێکی ئامریکایی دانی بەوەدا ناوە، کە لەگەڵ بازرگانێکی ئێرانی هاودەست بووە و کەرەستە و کەلوپەلی فڕۆکەیان ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ژنێکی ئامریکایی بە ناوی، "جوویس ئالیاباکووس"، خەڵکی شاری "مووری تاون" لە ویلایەتی نیوجێرسی، کە بە تاوانی هاودەستبوون لەگەڵ "پەیمان ئەمیری لاریجانی" بۆ ڕادەستکردنی کەرەستە و کەلوپەلی جۆرەکانی فڕۆکە بە ڕێژیمی ئێران گیرابوو، دانی بە تاوانەکەی خۆیدا ناوە و ناوبراو تاوانباری دووهەمی کەیسەکەی "پەیمان ئەمیریـ"ـیە.

لەم بارەوە، تەلەفزیۆنی هەواڵدەریی فاکس نیوز، ڕایگەیاندووە: "جوویس ئالیاباکووس" بە ڕادەستکردنی بڕی دوو میلیۆن دۆلار کەرەستە و کەلوپەلی جۆرەکانی فڕۆکە بە ڕێژیمی ئێران تاوانبارە و ڕەنگە لانیکەمی بە پێنج ساڵ بەندکردن سزا بدرێت.

بەپیی ئەو ڕاپۆرتانە، دۆزگەری ویلایەتی نیوجێرسی، ڕایگەیاندووە: پەیمان ئەمیری لاریجانی و جوویس ئالیاباکووس، لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٥ تاکوو ٢٠١٧ی زایینی، لە ڕێگای کۆمپانیاییەکی سەربەخۆ کە لە خانووەکەی جوویس ئالیاباکووس، بەبێ بەڵگە و تاپۆی یاسایی دایان مەزراندووە، زیاتر لە ٢٣ هەزار کەرەستە و کەلوپەلی جۆرەکانی فڕۆکە لە نێو ٤٩ بەستەی جۆراوجۆردا و لە ڕێگای وڵاتانی تورکیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە، ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کردووە.

لەم پەیوەندییەدا، بڕێک لە کڕیارانی ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕادەستکردنی ئەو کەرەستانە بە ڕێژیمی ئێران وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، بەرژەوەندی و ئابووریی وڵاتی ئامریکا هەژمار دەکەن.

جێگای ئاماژەیە، کە پێشتر وەزارەتی دادوەریی ئامریکا لە ڕاگەیندراوێکدا باسی لەوە کردبوو، کە بە دژی کەسێک بە ناوی پەیمان ئەمیریی لاریجانی، کە پێشتر لە ئستانبوولی تورکیە نیشتەجێ بووە، هەروەرها کۆمپانیاییەکی تورکیەش بە تاوانی پێشێلکردنی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران سکاڵانامەیەکی تۆمار کردووە.