کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر کۆچی دوایی کرد

09:50 - 17 رێبەندان 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی دایە "حەبیبە بابایی" کچی "کوبڕا و محەممەد" لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا  لە شاری "سنە" بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"دایە حەبیبە" ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە گوندی "سۆ"  لە ناوچەی "چەمشار"ی سنە لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە.

دایە حەبیبە بەهۆی ئەوەی مێردەکەی و کۆڕەکەی پێشمەرگە بوون چەندین جار لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و هەڕەشەی لێ کرا کە نابێت هاوکاریی پێشمەرگە بکات؛ بەڵام دایە حەبیبە لە کار و چالاکی خۆی و پەیوەندی بە پێشمەرگەوە هەر بەردەوام بوو.

دایە "حەبیبە" شاخ بە شاخی کوردستانی بڕی بە دوای پێشمەرگەدا و هەموو جارێکیش کە دەسبەسەر دەکرا بێباکانە بە بەکرێگیراوانی ڕێژیمی دەوت هەر کە ئازادی بکەن تا لای ڕۆڵەکەی و هاوژینەکەی ناوەستێت و هەرگیز لە چالاکیی خۆی لەپێناو یارمەتی بە پێشمەرگە دەست هەڵناگرێت.

دایە "حەبیبە" بە تاسەی دیتنەوەی ڕۆڵە و نەوەکانی و بە نەخۆشی سەری نایەوە.

تەرمی دایە حەبیبە لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.