کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست لە شنۆ کۆچی دوایی کرد

12:17 - 1 پووشپەڕ 2722

دایە "ئامینە حاجی مەلا عیسا" هاوژینی کۆچکردوو کاک ''محەممەد'' ناسراو بە ''خاڵ کاکۆ'' خەڵکی ئاوایی ''سێبیان'' سەر بە شاری شنۆ لە تەمەنی ٨۹ ساڵی و دوای تەمەنێک خزمەت بە پێشمەرگە و ڕێبازی پڕسەروەرییان، ڕۆژی سێشەممە ۳۱ ی جۆزەردان بەهۆی بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

دایە ئامینە لە کوێستان و هەوارگەکانی شنۆ، ''کانی شەمسەدین و کورکۆ'' لە سەردەمی خەباتی چەکداریی حیزبی دێموکرات، برینداری لە هێزی پێشمەرگە وەرگرتووە و تیماری کردوون.

ناوبراو هەمیشە لە هەموو کۆڕ و کوبوونەوەیەک باسی لە قارەمانەیەتیی پێشمەرگە و ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان کردووە و باسی لە پێوستیی ئاوڕدانەوە لە شۆڕش و شۆڕشگێڕانی کردووە.

بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا دایە ''ئامینە'' ڕزگاریی خاک و خەڵکەکەی بە چاوی خۆی ببینێت و شاهیدی وەدەرنانی داگیرکەر لەسەر ماڵ و حاڵی خەڵک بێت.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵک بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە ئامینە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.