کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێکی کورد لە ڕیزبەندی سەد ژنی شوێندانەری گۆڤاری فۆربێس ناوی تۆمار کراوە

13:32 - 7 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ژنێکی کورد لە لایەن گۆڤاری "مۆربێسـ"ـەوە، لە ڕیزبەندی سەد ژنی شوێندانەری ئەو وڵاتە ناوی تۆمار کراوە.

هانا جاف، سیاسەتوان، نووسەر، چالاکی خێرخوازی کورد و دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە لایەن گۆڤاری "فۆربێسـ"ـەوە لە ڕیزبەندی سەد ژنی شوێندانەری ئەو وڵاتەدا ناوی تۆمار کراوە.

هانا جاف، لە ڕێکەوتی ۱۳۶۵/۸/۱۳ی هەتاوی، لە شاری سانتیاگوی ویلایەتی کالیفۆرنیای وڵاتی ئامریکا لەدایک بووە، باوکی هانا کوردە و لە هۆزی جافەکانی کوردستانە و هەروەها دایکی هانا بە ڕەچەڵەک خەڵکی وڵاتی مکزیکە.

ھانا بڕوانامەی ماستەری لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ھارڤارد، بڕوانامەی بکالۆریسی لە بواری سایکۆلۆژی لە زانکۆی نیشتمانی کالیفۆرنیا بەدەست ھێناوە و ھەروەھا لە زانکۆکانی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک، تێکنۆلۆژیکۆ دی‌مۆنتێری، کامپی مۆنتێری، لێسبۆرن لە پاریس خوێندوویەتی.

لە ساڵی ٢٠١٤ی زاینیی، دوکتورای شانازیی بواری مرۆڤایەتی، بۆ کارە مرۆیییەکانی لە لایەن کلۆسترۆ دوکتۆرای لە مەکزیکۆ پێ بەخشراوە و لە ئێستادا لە یانەی دەرچووانی ھارڤارد لە وڵاتی مەکزیک، ئەندامێکی چالاکی کۆنسۆڵەیەتی دەرچووانە.