کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنە ئەدیبێکی کورد ماڵئاوایی لە ژیان و ئەدەبی کوردی کرد

16:27 - 14 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: خاتوو مریەم قازی، ئەدیب و چالاکی مافەکانی ژنان لە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە ژیان و ئەدەبی کوردی کرد.

خاتوو مریەم قازی چیرۆکنووس، ڕەخنەگری ئەدەبی و چالاکی مافەکانی ژنان، ڕۆژی دووشەممە ۱٤ی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی بەرانبەر بە ۵ی نۆڤامبری ۲۰۱۸ی زایینی، لە تەمەنی پەنجاوپێنج (۵۵) ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ماڵئاوایی لە ژیان و ئەدەبی کوردی کرد.

مریەم قازی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی قازییەکانی شاری مەهاباد و ناوچەی موکریانە کە لە ساڵی ۱۳٤۲ی هەتاوی بەرانبەر بە ۱۹۶٤ی زایینی، چاوی بە ژیان هەڵهێناوە و لە سەرەتای چوونە قوتابخانەوە هۆگرییەکی زۆری لە سەر نووسین هەبووە.

لە ساڵی ۱۳۶۶ی هەتاوی بەرابنەر بە ۱۹۸۷ی زایینی، بەوپەڕی حەز و هۆگرییەوە لە بوارە ئەدەبییەکان بە تایبەت لە نووسینی چیرۆکدا دەستی بە چالاکی کردووە، ماوەیەکی کورت پاش کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی باشووری کوردستان چیرۆکێک لە ژێر ناوی "پەرژین"دا لە سەر کیمیابارانی هەڵەبجە دەنووسێت، هاوکات گۆڤاری "سروە"ش ڕاپۆرتێک لە سەر ئەو چیرۆکە بڵاو دەکاتەوە کە یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی ئەو ژنە ئەدیبەیە.

ناوبراو دوو بەرهەمی چیرۆکیی بە ناوەکانی "هاتنە ژوور قەدەغەیە" و "زیندە بەگۆڕ" بڵاو کردووەتەوە و ڕۆمانێکیشی بە ناوی "ژیانم خۆش ئەوێ" لە ژێر چاپدا بووە، کە نەخۆشییەکەی مەجالی دڵخۆشیی چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەمە نوێیەکەی پێ نادات و دڵە پڕخەیاڵەکەی لە لێدان دەخات.

ئەو ژنە ئەدیبە جیا لە بەرهەمەکانی خۆی، چیرۆکێکی قوتبەدین سادقی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕان کردووە کە هاوکات لەگەڵ ڕۆمانەکەی خۆیدا ئامادەی چاپ و بڵاو بوونەوەیە.

خاتوو مریەم، چەندین ساڵ ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد بووە و لە زۆربەی گۆڤار و ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا بەرهەم، بابەت و دیمانەکانی بڵاو بوونەتەوە.

دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی داخ و پەژارەی خۆی بۆ لە دەستدانی کەسایەتی و ئەدیبی کورد خاتوو مریەم قازی، سەرەخۆشی لە کەسوکاری ناوبراو و هەروەها هۆگرانی ئەدەبی کوردی دەکات.