کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژووری بازرگانیی تاران: لە ساڵی ١٣٩٩دا متمانەی گشتی بەنیسبەت سیاسەتداڕێژەرانی ئێران بەتوندی دابەزی

12:29 - 20 رەشەمه 2720

بەرپرسی ژووری بازرگانیی تاران دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی متمانەی کۆمەڵگا بە سیاسەتداڕێژەرانی ئێرانی بە یەکێک لە لێکەوتەکانی سیاسەتی ئابووری لە ئەمساڵدا ناو لێ برد.

''مەسعوود خانساری'' لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمە وتوویەتی: ''بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەتوانرێت ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی بە خراپترین ساڵ لەبابەت متمانەی گشتی بە سیاسەت و هەوڵە ئابوورییەکان وەسف بکرێت".

ناوبراو وتوویەتی، سەرەڕای هەڵاوسانی باڵا، هێندێک لە بگۆڕە ئابوورییەکان یەک لەوان نرخی دراو، نرخی ڕاگواستنی سووتەمەنی و نرخی سوودی بانکی هەروا لە دۆخیکی ناڕووندان، هەر بۆیە بێ متمانەیی لە دۆخی ئابووریی ئێران لە ساڵی داهاتووش یەکێک لە نیگەرانییە گرینگەکانی چالاکانی ئابوورییە.

بەرپرسی ژووری بازرگانیی تاران باسی لەوە کرد کە لە بواری چالاکییە ئابوورییەکان، گۆڕینی بەردەوامی سیاسەت و ڕێسا و بەخشنامەکان کار و کاسبییەکانی تووشی ئاڵۆزی کردووە و ڕێگای لە ئاڵوگۆڕەکان بەستووە.