کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیان لەژێر سێبەری مەرگدا (ڕۆژی نێونەتەوەیی دژی لەسێدارەدان)

17:25 - 15 رەزبەر 2719

سۆران شەمسی

لە وڵاتی ئێراندا ھەر چەند لەسێدارەدان لەمێژە هەبووە و ئەم حوکمە لە سەردەمە جیاوازەکاندا بەپێی جۆری حکوومەتەکان لە پێناسەکردنی تاوانەکان کە دەبێتە ھۆی دەرکردنی ئەم حوکمە، گۆڕانکاری تێدا ھەبووە، بەڵام لە ڕێژیمی ئێستای دەسەڵاتدار لە ئێراندا دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم حوکمە گەشەی سەندووە و سەرفەسڵێکی نوێ بە ئەژمار دێت، دەبێ ئەمەش زیاد بکەین بێجگە لەوەی کە ڕێکخراوێکی دژی لەسێدارەدان لە ئێراندا دروست نەبووە و ڕێژیمیش نەتەنیا یارمەتیی دروستبوونی وەها ڕێکخراوەیەک نادات، بەڵکوو بەرەنگاری ئەو کەسانە بووەتەوە کە دژی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانن. قۆڵبەستکردن و دەرکردنی حوکمی بەندکردن بۆ چالاکانی دژی. خۆی نیشانگەری ئەم دروشمانەیە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای هاتنە سەرکاری خۆیەوە لە ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاوییەوە، ھەمووکات ھاوڕای تێئۆریی ھاودەنگانی لەسێدارەدان لە جیهاندا بووە کە حوکمی لەسێدارەدان بە مەبەستی جێبەجێکردنی دادپەروەری و ترساندنی تاوانبارەکان کاریگەر و بە زەرووری دەزانن.

دەیان ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، ١٧ ساڵ پێش بریاڕیان دا لە هاوپەیمانەتییەکی جیھانی ١٠ی ئۆکتۆبر، بەرانبەر بە ١٨ی ڕەزبەر، بە ڕۆژی جیھانیی خەبات دژی سزای مەرگ ناو بنێن، بە ئامانجی ھەوڵ و تێکۆشان بۆ بەتاڵکردنی ئەم سزا لە تەواوی جیهاندا، سزایەک کە بە وتەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، دژی مرۆڤ و پێشێلکاریی مافی ژیانە، سەزایەک کە ساڵانە گیانی سەدان کەس لە ئێراندا دەگرێت.

ئێستا زیاتر لە دوو/سێهەمی وڵاتانی جیهان سزای سێدارەیان لە یاسایان بە کردەوە بەتاڵ یان ڕاگرتووە، بەداخەوە وڵاتی ئێران ھەروەها لە پێشکەوتنی جیھانیدا بەرەو لای بەتاڵکردنی سزای سێدارە زۆر دواکەوتووە و بە ڕوونی لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا بەرپرسیاری ۵۱ لەسەدی تەواوی لەسێدارەدراوانی جیهان بووە.

١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ چڕبوونەوەی لەسەر دۆخی تاوانباران بە سێدارە، ژیان لەژێر سێبەری قورسی مەرگدایە، ئامانج لە ھەڵبژاردنی ئەم نووسینە بە ماڵپەری هاوپەیمانی جیھانی دژی لەسێدارەدان، چوونەسەرەوەی زانیاریی ھەمەلایەنە لەبارەی بارودۆخی ژیانی ئەم تاوانبارانەیە، دۆخێکی نامرۆڤانە باس کراوە.

تا ئێستا زیاتر سەرنجدانەوە لەسەر پرسی سێدارە بوو کە سزایەکی نامرۆڤانەیە، بەڵام بەشی ھەرەزۆری نامرۆڤانەبوونی ئەم سزایانە پەیوەندی بە دۆخی بەندکراوانێکە کە مەحکووم بە لەسێدارەدان بوونە، لە ئێراندا کەسانێک کە بە سێدارە مەحکووم دەکرێن، چەند ڕۆژ دوای دەرچوونی سزاکەیان تا چەند ساڵ لە بەندیخانە دەمێننەوە. زۆربەی ئەم کەسانە دوای دەسبەسەرکردن لە سەرەتاوە دەستیان بە پارێزەر ناگات و لە گرتنگەکاندا، بۆ دانپێدانان دەکەونە ژێر ئەشکەنجە و زۆربەی حوکمی لەسێدارەدانیان بەپێی دانپێدانانەکانیان کە لەم کەسانە دەگیرێن و ئەمەش نایاساییە.

لە ساڵی ٢٠١۷ی زایینیدا تەنیا ٢٣ وڵاتی جیهان سزای سێدارەیان جێبەجێ کردووە کە لەم نێوانەدا ئێران دوای وڵاتی چین، بە ٥٠٧ لەسێدارەدراو لە پلەی دووهەمی جیهاندایە کە زۆر زیاتر لە کۆی سێدارەداراوانی تر لە وڵاتانی دیکەیە.

لە پەیماننامەی مافی منداڵان، ژن یان پیاوی خواری ١٨ ساڵ منداڵ بە ئەژمار دێت و تەمەنی دستپێکی تاوانیش بەرانبەر هەموو یاساکانی حاکم لەسەر مافی سزادان، ئێستا دەبێ تەمەنی ژێر ۱۸ ساڵ بە ئەژمار بێت، ھەر بۆیە کەسێک کە تەمەنی ژێری ١٨ ساڵ بێت و تووشی تاوانێک بێت بەپێی پەیماننامەی مافی منداڵان، نابێت ئەو سزا بەسەردا بەستپێندرێت کە بۆ کەسانی سەرووی ١٨ ساڵ جێبەجێ دەکرێن، بەڵام فێڵێک کە ڕێژیمی ئێران دەیکات ئەوەیە کە ڕادەوەستێت تا ئەم منداڵە بگاتە تەمەنی ١٨ ساڵ و دواتر لەسێدارەی بدات.

 سزادانی جەستەیی لە پەیمانی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی لە حوکمی ئەشکەنجەدایە و ئەشکەنجەیش ھەم کردەوەیەکە کە نەتەنیا لە ڕوانگەی ئێستانداردەکانی نێونەتەوەییەوە قەدەغەیە، بەڵکوو لە شیاوی سزادانیشدا ھەیە.

لەسێدارەدان لە کۆڵان و شەقامەکاندا یەکێک لە ڕاستییەکانی سزادانی جەستەیە، وێڕای ئەمەش ڕۆڵی ھەر حکوومەتێک لە دابینکردنی سیاسەتی سزا ئەمەیە کە یەکەم ئەو سزایانە کە دیاری دەکات لەگەڵ تاوانەکەدا گونجاو بێت، دووھەم ئەوەیە کە ھەوڵ دەدات لەنێو کۆمەڵگادا دۆخێک لە ئارامش، ئەمنیەت و فەرھەنگی بێتوندووتیژی بەرقەرار بکات، بەڵام لەسێدارەدانی ئاشکرا بەپێچەوانەی ئەو دروشمەوە کردەوەیی دەکات، واتە ئاساییکردنی کردەوەیەکی ئەشکەنجەوار و نامرۆڤانە لە پێشچاوی خەڵکەوە.

دەسەڵاتی دادپەرەوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا کە ھێشتا لەسەر کوشتن بەھۆی ئەوە کە کەسانی تر بترسێنێت زەخت دەکات کە بەم ڕوانگەوە ئێران لە سەرەوەی ڕەدەبەندیی جەلادترین حکوومەتەکانی جیهاندا جێی گرتووە و لە نێوان ٩٩٣ لەسێدارەدراو کە ساڵی ڕابردوو لە ٢٣ وڵاتی جیهاندا تۆمارکراوە، لانیکەم ٥٠٧ کەسیان لە ئێراندا ڕووی داوە.

لەسێدارەدان هەروەها بەپێی ناڕەزایەتییەکان کە دەردەبڕدرێت وەک سزایەکی بێگەڕانەوە لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بەکار دێت و گوێیەکی بیسەر بۆ بیستنی ناڕەزایەتی و پێشچوونی ڕەوتی سێدارە بوونی نییە.

بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی خەبات لە دژی سێدارە، ئاماژە بە کۆمەڵێک لە نووسراوەکان لەبارەی لەسێدارەدان دەکەین:

لەسێدارەدراوانی ساڵی ٦٧ و ساڵەکانی ٥٩،٦٢، ٦٣ کە بە حوکمی جیھادی خومەینی لە کوردستان و ئێران جێبەجێکران و ھەزاران خەڵکی بێتاوان لە ژن و پیاو و لاو و تازەلاو لە دادگاکانی فەرمایشیدا لەسێدارە دراون و تیرەباران کراون و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

بە وتەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژی جیھانیی بەتاڵکردنی سزادانی سێدارە، دەیان تاوانباری تازەلاوی تر چاوەڕێی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی خۆیانن و لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ڕاگیراون، تاوانبارانێک کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکانیان کەمتر لە ١٨ ساڵیان بووە و لەسێدارەدانیان پەیامننامەی مافی منداڵ ڕەت دەکاتەوە.

کەسانێک کە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی تەمەنی ١٨ ساڵەییاندا دەستپێکی قۆناغی نوێی ژیانیان نییە بەڵکوو دەستپێکی ژماردنی پێچەوانە بۆ مەرگیانە، بێجگە لەمە دەسەڵاتدارانی قەزایی ئێران حوکمی لەسێدارەدان لە شەقام و گۆڕەپانی شار و لادێکان لە بەرچاوی هاووڵاتییان و منداڵان و گەورەپیاوان جێبەجێ دەکات.

لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە ھەزاران کەس لە ھاووڵاتیانی ئێمە لەژێر تۆمەتی جۆراوجۆر لەسێدارەدراون، ھەر ئێستا گیانی زۆربەی بەندکراوانی سیاسی لە مەترسیدایە.

لەژێر سێبەری دەوڵەتی ڕووحانی ھەر وەکوو چل ساڵ حکوومەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەندیخانەکانی ئێراندا وێڕای بەردەوام بوونی ئەشکەنجە و لەسێدارەدانیان، مەرگ ھێدی ھێدی  لەسەر زۆربەی چالاکەوانان، بەندکراوانی ڕخنەگەری سیاسی و ھەروەھا بەندکراوانی ئاسای سێبەری کێشاوە.

 ئەمساڵ ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیھانیی خەبات لە دژی سزادانی سێدارەیە کە ١٠٧ وڵاتی جیهان سزادانی سێدارەیان بۆ هەموو تاوانەکان هەڵوەشاندووەتەوە و دەیان وڵاتی دیکەیش ساڵانێکی زۆرە کە سزادانی سێدارە جێبەجێ ناکەن، بەڵام ئێران لەم بوارەدا ئێستایش لە پلەی یەکەمی جیهاندا ڕاوەستاوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.