کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیانی مامۆستایان لە ئێراندا قەیرانییە

12:21 - 3 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: مامۆستای قوتابخانەکان له کوردستان و ئێراندا لە دۆخێکی زۆر دژاوردا دەژین و بژیوی ژیانی مامۆستایان شیاوی جێگە و پێگەی ئەو توێژە فەرهەنگییە نییە.

بەپێی  ئامارێک کە لە بارەی جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتیی مامۆستایان لە ئاستی جیهاندا بڵاو بووەتەوە، ئێران لەو لیستەیەدا ناوی تۆمار نەکراوە. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ڕێژیمی ئێران ڕێز بۆ ئەو توێژە فەرهەنگییە دانانێت.

لەو ئامارەدا سێ وڵاتی چین، مالزی و تایوان بە ڕیز پلەکانی یەکەم هەتا سێهەمیان هەیە.

ئەو ئامارە تەنیا وڵاتانی ئاسیایی لە خۆ دەگرێت کە ئێران ناوی تۆمار نەکراوە.

بەهۆی نالەباری و خراپی دۆخی بژیوی ژیان و گوزەرانی مامۆستایانی قوتابخانەکان، مامۆستایانی کوردستان و ئێران هەتا ئێستا چەندین جار دەستیان داوەتە مانگرتن و داوایان کردووە مافەکانیان دابین  بکرێت.

مامۆستایان لە بەرانبەر گرانی، هەڵاوسان، کەمبوونەوەی تواناییی کڕین لە لایەن مامۆستایان و تایبەتیکردنی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، دابین نەکردنی پشکی ماڵی و ئابووری بۆ مامۆستایان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، گرانی و بێکاری ژیانی بنەماڵەکانی لە ئێران و کوردستاندا بردووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە و هەر ئەم بارودۆخەش کاریگەری نیگەتیڤی لە سەر دەروون و جەستەی قوتابی و خوێندکاران داناوە؛ دابینکردنی کەرەستەکانی خوێندن بۆ منداڵان و لاوان و پارەی ناونووسین لە قوتابخانە بەناو دەوڵەتییەکاندا گوشاری مادی بۆ زۆربەی بنەماڵەکان هێناوە، بە جۆرێک کە بەشێکی بەرچاوی بنەماڵەکان ناچار بوون پێش بە خوێندنی مناڵاکانیان بگرن، کە بەداخەوە لەم بارەوە کچان پشکی زیاتریان بەرکەوتووە .