کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیانی نالەباری بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان

17:49 - 26 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، لە بارودۆخێکی نالەبار و مەترسیداری ژیاندان.

زیاتر لە حەوت مانگە لە بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان تێدەپەڕێت و خەڵکی ئاوارە هێشتا سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین نەکراوە و بە هۆی پاک و خاوێن نەبوونی شوێنی ژیانیان تەندروستی جەستە و دەروونیان لە مەترسیدایە.

زۆربەی ئەو خەڵکە کە لە نێو کانکس و خێوەتەکان دەژین، پاش کۆتاییهاتنی وەرزی سەرما کە ژیانێکی پڕچەرمەسەریان تێپەڕ کردووە و بە هۆی نەخۆشی و سەرما چەندین منداڵ گیانیان لەدەست داوە؛ هەروەها با و باران چەندین جار خێوەتەکانی خەڵکیان ڕووخاندووە و لە ئاوارەییشدا دەربەدەر بوون، ئێستایش بە هاتنی وەرزی گەرما لەگەڵ بڵاوبوونی نەخۆشییە عەفوونییەکان و سەرهەڵدانی خشووکەکان بەرەوڕوون.

وێنە و گرتە ڤیدئۆیەکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، کە مار و دووپشک چوونەتە نێو کانکس و خێوەتەکان و ژیانی ئاوارەکان بەتایبەت منداڵەکان لە مەترسیدان، هەروەها بە هۆی کەمتەرخەمیی شارەوانی ئەو ناوچانە و کۆ نەکردنی زبڵەکان و چاک نەکردنی ئاوەڕۆ، شوێنی ژیانیان وەکوو زبڵدانی لێ هاتووە.

پزیشکەکان پێشتر چەندین جار هۆشداریان دابوو، کە لە نێو لێقەوماوان ئەگەری بڵاوبوونی نەخۆشییە عەفوونییەکان هەیە، بەڵام کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیم ئەو مەترسییە لەبەرچاو ناگرن و ئپیدمی نەخۆشییەکان لەو ناوچانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.

جێگەی ئاماژەیە کە لە دوای ئەو حەوت مانگە زۆر بنەماڵە هەن، کە هێشتا کانکسیان وەرنەگرتووە و خۆیان سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان ساز کردووە و بەگشتی ئاوارەکان کێشەی حەمام و ئاودەست و ئاوی خواردەمەنیان هەیە.

لەم بارودۆخەدا زۆرترین مەترسی لەسەر منداڵەکان هەیە، کەمبوونی نەخۆشخانە و کەمبوونی ڕادەی پزیشکی پێویست بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو خەڵکە داهاتوویەکی ناڕوونیان بێت و جیلێک لەو ناوچانە، هاوشێوەی کاتی شەڕی ڕێژیمی ئێران و عێراق قوربانی بکرێن.