کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگە و دەسەڵاتی ئاخوندی

12:56 - 7 بانەمەڕ 2722

سندووس

ئاگرکەوتنەوە لە لێڕەوارەکانی هەر وڵاتێک شتێکی ئاساییە، تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەکوو ئوسترالیا، یوونان، ئیسپانیا، ئیتالیا، ئامریکا و کاناداشدا ئاگرکەوتنەوە ڕوویداوە، بەڵام لە هەر وڵاتێک و بە هەر هۆکارێک، سامانێکی نەتەوەیی گەر کاریگەریی لەسەر دۆخی ئیکۆلۆژیی ئەم وڵاتە هەبێ و بەرەو لەناوچوون بڕوات، بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەکی نەتەوەییەوە، تەواوی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار تێدەکۆشن تا خەسارەکانی بەکەمترین ئاست بگەیەنن. بەڵام کەس بۆی نییە چۆن دڵی دەخوازێت ساتوسەودا بە داری لێڕەوارەکانەوە بکات و لەسەر ئیزنی تاقمێکی هەلپەرستی دەسەڵاتدار قەڵتوبڕیان وێخەن و بەرەو وێرانکردن و لەناوبردنی یەکجارییان بەرن.

لێڕەوار لە هەموو وڵاتێکدا وەکوو پڕبایخترین میراتی مرۆڤی چاوی لێ دەکرێ و جگە لە بایخە ئابوورییەکەی وەک سەرچاوەیەکی هەرەگرینگی بەرهەمهێنانی ئۆکسیژێنی بێجێگرەوە لەسەر گۆی زەوی، سەرنجی کۆڕ و کومەڵە جیهانییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و ڕێکاری گونجاو بۆ پارێزگاریکردنی لەبەرچاو گیراوە.

بە سەرنجدان بەم ڕاستییەی کە لێڕەوارەکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە بواری ڕاگرتنی ئاوی ڕووبەر و خۆراکی‌دان بە ئاوەکانی ژێرزەوی، کەمکردنەوەی پیسیی هەوا، نەهێشتنی پەککەوتەیی خاک و پێشگیری لە پیسبوونی ژینگە، ڕۆڵی ئابووری بۆ بەرهەمهێنانی دەوا و دەرمان و تەنانەت کاری پیشەسازیش دەگێڕن، دەبێ بایەخی ئەم نێعمەتەمان زۆر بە باشی بۆ دەرکەوتبێت.

بەڵام لە کوردستان، شێوەی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی ئاخوندی لەگەڵ ژینگە و ژینگەپارێزی بە تەواوی جیاوازە. کۆماری ئاخوندی چوونکە ڕوانینێکی پێشڤەخوازانەی سەبارەت بە ژینگە نییە و تەنیا وەکوو سەرچاوەیەکی داهات بۆ خۆی و دەستوپێوەندییەکانی چاوی لێ دەکات تا بەڵکوو بتوانێت داهاتەکەی لە پێناو پیکانە چەپەڵ و ئایدیۆلۆژییە بێ‌بنەماکەیدا هەزینە بکات، بە شێوەیەکی جیددی دژایەتیی ئەو کەسانە دەکات کە هەست بە لێپرسراوی و خۆشەویستی سەبارەت بە نیشتمانەکەیان بە گشت بوونەوەرەکانیەوە دەکەن و دەیانهەوێ بمرن بەڵام نیشتمانەکەیان بە شێواوی نەبینن. هەر بۆیە ژینگەپارێزان یان لە گرتووخانەکان دەئاخنێ یان دەیانخاتە ژێر جەخت و گوشارێکی ‌زۆرەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ژینگەپارێزان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا وەکوو هێمای مرۆڤی خاون‌ویژدان و دەروەست، هەمیشە ڕێزیان لێ دەگیرێ.

ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتە چەپەڵەکانی ئەم سیستمە نالێپرسراوەدا پێویستە باسی لەسەر بکرێ ئەمەیە:

سیاسەتی هەلپەرستانە و بەرژەوەندیخوازانەی کۆماری ئاخوندی تەنیا تایبەت بە کوردستان نییە - هەر چەند لە کوردستان بە چەند قات زیاترە - بەڵکوو وڵاتی ئێران بە گشتی دەگرێتەوە و لە هەر شوێنێ  ئەم دەسەڵاتە بوونی هەبێت وێرانیی ژینگە و داتەپینی ڕەوشت بوونی هەیە.

ئەوەی لەم کەتوارەدا  گەرەکمانە سووکە لەنگەرێکی لەسەر بگرین لێڕەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، چوونکە دەسەڵاتی ئاخوندی دەمێکە پیلانی لەناوبردنی داڕشتووە و هەم لە ڕێگەی ئاگرتێبەردانەوە و هەم لە ڕێگەی بڕین و قەڵتوبڕەوە تەمای لەناوبردنی هەیە.

 

لێڕەوارەکانی زاگرۆس، بە ڕووبەرێکی ٦ میلیارد هێکتارییەوە لە ۵٠ هەزار ساڵی ڕابردووەوە سەوزایی و جوانییەکی تایبەتییان بەم وڵاتە بەخشیوە، ئەم لێڕەوارانە بە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە پارێزگای "ورمێ"ڕا دەست پێدەکات و بە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ئیلامدا بەردەبێتەوە و تا چوارمحاڵ و بەختیاری، " کهگیلویە و بۆیرئەحمەد" و پارێزگای فارس درێژە دەکێشێ و نزیکەی ٤٠ لەسەدی کۆی لێڕەوارەکانی ئێران پێک دێنێ.

لە کۆی چوار پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام، نزیکەی ١ میلیارد و ٩٠٠ ملیۆن بۆ ٢ میلیارد هێکتاری لێڕەوارە کە لەم لێڕەوارەدا داربەڕوو، گوێز، بادامی تاڵ، سێوک، گێوژ، هەرمێی کێوی و... بوونیان هەیە. تەنیا لە پارێزگای سنە، زیاتر لە ٣٧٤ هەزار هێکتار لێڕەوار هەیە کە بەشی زۆری لە دەوروبەری شارەکانی بانە و مەریوان هەڵکەوتوون و لە بواری چڕی دوای لێڕەوارەکانی باکووری ئێران پلەی دووەم لەخۆ دەگرێت.

لەم چەند ساڵەی دواییدا کە پیلانەکانی کۆماری ئاخوندی ئاشکراتر خۆی نیشان داوە، بەداخەوە بەهۆی ئاگرتێبەردان، قەڵتوبڕ و بڕینی داری لێڕەوارەکانی بانە و مەریوان لە پارێزگای سنە و پیرانشار و سەردەشت لە پارێزگای ورمێ ڕوو لە کزی و ڕووتانەوەن.

چەند ساڵێکە کە لە دوو پارێزگای ورمێ و سنە هەست بە خیانەتەکانی ڕێژیم بە ژینگەی وڵاتەکەیان کراوە، لەلایەن لاوانەوە هێندێک ئەنجومەنی ژینگەپارێزی دروست کراون کە وێڕای ئەوەیکە کۆمەڵانی خەڵک لەسەر خەسار و ئاسەوارە نەرێنییەکانی لەناوچوونی لێڕەوارەکان ئاگادار دەکەنەوە، هانی کۆمەڵانی خەڵکیش دەدەن تا پارێزگاری لە ژینگە و دار و بەردی وڵاتەکەمان بکەن.

بە سەرنجدان بەم ڕاستییەی کە ڕوانگەی کۆماری ئاخوندی بۆ ژینگەپارێزان بە تەواوی دوژمنکارانەیە، تەنانەت لە زۆر شوێن بیندراوە کە بە خراپترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە، پێویستە هەر تاکێکی کورد بۆ پاراستنی ژینگە بە گشت بەشەکانیەوە پێشمەرگەیەکی ژینگەپارێزی خۆبەخش بێت و ئیزن نەدرێ دوژمن لەوە زیاتر زیان بە ئیکۆلۆژی وڵاتەکەمان بگەیەنێت.

تێبینی: ئیکۆلۆژی بە مانا ئارنی‌نیس - بووکچینیەکەی یانی: هاوسەنگی سروشت بە گشت بوونەوەرەکانیەوە، لێرە ئیکۆلۆژی لەگەڵ هاوئاهەنگیی مرۆف و سروشت لە پێوەندیدایە و بەتەواوی پێوەندیت هیرارشی ڕەت دەکاتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.