بێهزاد قادری
هەر شتێک، لە کۆمەڵێک شتی بچووک دروست بووە کە هەر کام لە جێی خۆیدا، ڕۆڵی تایبەتی خۆی دەگێڕێت و گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە؛ لە لەشی مرۆڤ و گیاندارانەوە بگرە، تاکوو گۆی زەوی. ئێستا بۆ نموونە ئێمە چۆن دەبێت خۆمان خۆش بوێت، بەڵام چاوی خۆمان، قاچی خۆمان و گوێکانی خۆمان خۆش نەوێت؟! نیشتمانیش هەر بەو جۆرەیە. نیشتمانیش لە شتانێکی بچووک پێک دێت. وەک "بەختیار عەلی" کە دەڵێت: "نیشتمان لە کۆمەڵێک شتی بچووک دروست بووە، مرۆڤ گەر ئەو شتە بچووکانەی خۆش نەوێت، نیشتمانیشی خۆش ناوێت". ئێستا ئەو شتە بچووکانە چین؟!
"بەختیار عەلی" لە شوێنێکی تردا دەڵێت: "منداڵان بەر لەوەی فێری خۆشەویستیی نیشتمان بن، دەبێ فێری خۆشەویستیی ژیان ببن، دەبێ فێر بن پەپوولەیان خوش بوێت، حەزیان لە دەنگی بولبول بێت". ئەڵبەت ڕەنگە ئێمە لە منداڵیدا فێری ئەم شتانە نەکرابێتین، بەڵام خۆ بڕیار نییە تا مردن لەسەر ئەم ڕێچکە هەڵەیەدا بژین. ئەڵبەت ئەوە ژیان نییە و جۆرێک تێپەڕاندنی زەمانە، بەڵام لە شێوازە نەگونجاوەکەی.
وتمان کە نیشتمان لە شتانێکی بچووک دروست بووە و تا ئەو شتە بچووکانەمان خۆش نەوێت، ناتوانین خودی نیشتمانمان خۆش بوێت. ناکرێتیش بڵێین ڕقم لە چیاکانی وڵاتەکەمە، بەڵام عاشقی نیشتمانم! وەک ئەوە وایە بڵێیت ڕقم لە چاوی یارەکەمە، بەڵام عاشقی یارەکەمم! بۆیە ئەمانە پارادۆکسن، یان ئێمە خراپ لە عاشقی تێگەیشتووین، یان بەدڵنیاییەوە عاشقی ئاوا نییە.
لەمانە تێپەڕین. نیشتمان، لە شاخ، ئاو، هەوا، خەڵک، گیانلەبەر، دارستان، مۆسیقا، فەرهەنگ و زمان و... دروست بووە، کە هەر کام لە جێی خویدا تایبەتمەندییەکی هەیە کە ڕەنگە زۆر لەگەڵ شتە هاوشێوەکەی لە نیشتمانی کەسێکی تردا جیاواز بێت. لەم بابەتەدا بەشی ژینگەکەی جیا دەکەمەوە، کە شاخ و ئاو و گیانلەبەر و دارستان لەخۆ دەگرێت و لەسەری بەکورتی دەدوێم.
من نیشتمانم خۆش دەوێت، کەواتە دەبێ ژینگەکەشم خۆش بوێت و چۆن خۆم وەک پارێزەری وڵات ناو دەبەم، دەبێ ئاوەهاش پارێزەری ژینگەکەی بم. چۆلەکەکانیم خۆش بوێت، ئاوی کانیاوەکانیم خۆش بوێت، ڕێواسی بن بەردەکانیم خۆش بوێت، هەواکەی، خاکەکەی، دار و بەردەکەیم خۆش بوێت. ئەم خۆشویستنە نابێ تەنیا ئیدەعا بێت، بەڵکوو کرداریشی لەگەڵ بێت. "بولبولەکەم خۆش دەوێت و لە قەفەسی دەخەم؛ چیام خۆش دەوێت و زبڵەکەمی تێدا بەرەڵا دەکەم؛ دارستانم خۆش دەوێت و دەیکەم بە باخە ترێ و..." دەربڕینی خۆشەویستی نییە، بەڵکوو دژایەتی لەگەڵ نیشتمانە...
ئەمانە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە، هەر کەس و بە جۆرێک خۆشەویستیی خۆی بۆ ژینگە دەردەبڕێت: "یەکێک زبڵ ناڕێژێت، ئەوی تر زبڵ کۆ دەکاتەوە. یەکێک دارستان ناسووتێنێت، ئەوی تر ئاگری دارستان دەکوژێنێتەوە. یەکێک دار نابڕێت، ئەوی تر نەمام دەچێنێت. یەکێک چالاکیی ژینگەپارێزی دەکات، ئەوی تر بە کاری میدیایی و چاپەمەنی ئەو چالاکییانە بڵاو دەکاتەوە تاکوو بەدەستی زۆرترین خەڵک بگات و زانیاریی ژینگەپارێزیی جەماوەر پەرە بستێنێت".
باسی کاری میدیایی لە بواری ژینگەپارێزیدا هاتە ئاراوە. هەرچەند "تیشک تیڤی" ماوەی ٧ مانگە دووبارە هاتووەتە سەر سەتەلایت، بە هەموو کەموکۆڕییەکانییەوە توانیویەتی لەم بوارەدا هەنگاوی جیددی هەڵبگرێت و یەکەم میدیای کوردییە کە بەرنامەی تایبەت بە ژینگەی هەیە. ئەم بەرنامەیە لەژێر ناوی "هەسارەی ژیان"، بە پێشکەشکردنی بەرنامەی ژینگەتەوەری، هەفتانە بڵاو دەبێتەوە و وێڕای سەرنجدان بە پرسی ژینگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران، باسە جیهانییەکانی سەبارەت بە ژینگەش دەخاتە بەر دیدی بینەرانەوە.
"تیشک تیڤی" بە تەرخانکردنی بەرنامەیەکی تایبەتی هەفتانە سەبارەت بە ژینگە، پیشان دەدات کە چەندە ئەم پرسەی بۆ گرینگە و دەیەوێت هاوکات لەگەڵ هەنگاوی چالاکانی ژینگەپارێزی لە کوردستان، لە بەفەرهەنگکردنی ژینگەپارێزی، ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە، کەسێک کە ژینگەی وڵاتەکەی خۆش نەوێت، ناتوانێت نیشتمانیشی خۆش بوێت.
هەروەها بە کارکردن لەسەر ئەم تەوەرەیە، زۆرێک لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران کە دژی ژینگە و سروشتی کوردستانە، پووچەڵ دەکاتەوە، یان لانیکەم ئاشکرای دەکات یان جەماوەری کوردستان لەبارەی گرینگیی ژینگەوە بەگشتی ئاگادار دەکاتەوە.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.