کوردستان میدیا: هەڵمەتێکی نەمامچاندن بە بەشداریی بەشێک لە خوێندکارانی سەقز بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی بانەمەڕ، هەڵمەتێکی نەمامچاندن لە لایەن ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی "ژیانی سەوز"ی سەقزەوە، بە بەشداریی بەشێک لە لاوان و خوێندکارانی هونەرستانی دواناوەندیی "بیدهەندی" و "شاهۆ کەریمی"، بەڕێوە چوو.
لەو هەڵمەتە ژینگەپاڕێزییەدا کە هەشتەمین هەڵمەتی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ چاندنی نەمام بوو، زیاتر لە ٢٠٠ نەمامی بناوەچ و گێوێژ لە دارستانی "سەرچنار" چاندراوە.
ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی "ژیانی سەوز"ی سەقز، سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو ئاشقانی سروشتی کوردستان کردووە، کە لەو هەشت هەڵمەتەدا بەشدارییان کردووە و تووی خۆشەویستییان لە دڵی خاکدا چاندووە.
چالاکانی ژینگەپارێزیی لە شارە جیاجیاکانی کوردستاندا، بە چالاکیی جۆراوجۆر، لە پەرەپێدان بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی بەردەوامن و لە ئێستادا منداڵانیش لەم ڕێگایەدا ڕۆڵ دەگێڕن و هەنگاوی کاریگەر دەنێن.