کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەی دێهلۆران لە ئاگردا دەسووتێت

11:48 - 23 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئاگرکەوتنەوەکان لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە و ئەم جارە ژینگەی دێهلۆران لە ئاگردا سووتا.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەردەوام ژینگە و لێڕەوارەکانی کوردستان لە ئاگری نەیارانی ئەو خاکەدا سووتاوە و ئەم جارەش ٨٠ هێکتار لە لێڕەوار و لەوەڕگەکانی شاری دێهلۆران بوون بە خۆڵەمێش.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە گوندی "بێشەزار"ی شاری "دێهلۆران"، سەربە پارێزگای ئیلام ڕووی داوە و بووەتە هۆی سووتان و لەنێوچوونی ڕووبەرێکی زۆر لە ژینگەی گیایی و گیانلەبەرانی ئەو شوێنە.

هەروەها، لە ماوەی کەمتر لە یەکساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ۱۲۱ هێکتار لە ژینگە، مەزرای خەڵک، دارستان و بەگشتیی سروشتی ناوچەکانی دەروبەری شاری بانە لە پارێزگای سنەدا سووتان و بەرپرسان جیا لەوەی کە حاشا لە تاوان و پیلانەکانی خۆیان دەکەن، ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی مۆرەکانی خۆیان خستووەتە  ئەستۆی خەڵک و بەتایبەت باخدارانی ئەو ناوچانە.

ڕێژەیەکی زۆر لەم ئاگرتێبەردانانە لە لایەن مۆرەکانی خودی ئەو ڕێژیمەوە بە مەبەستی لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

ژینگەپارێزان و خەڵکی دڵسۆزی کوردستان تەنیا کەسانێکن کە لە کاتی وەهادا بە هانای ژینگەی کوردستانەوە دەڕۆن و ئەمە لە حاڵێکدایە، کە بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ئاوڕێک لەو دۆخە نادەنەوە و تەنانەت زۆر جار هەوڵی گرتن و دەسبەسەرکردنی ژینگەپارێزان و چالاکانیش دەدەن.