کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەی کوردستان بە تیغی نەیاران لە نێو دەچێت

13:06 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لەنێوبردن و تێکدانی ژینگەی کوردستان لە لایەن نەیارانی ژینگەوە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پەرەی سەندووە؛ ئەوان لە هیچ هەوڵێک بۆ لەنێوبردنی دارستانەکان و ژینگەی کوردستان سڵ ناکەنەوە و بە شێوەگەلی جیاواز لەم پێناوەدا کار دەکەن.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا، هێرش بۆ سەر دارستانەکان و ژینگەی کوردستان، لە لایەن نەیارانی ژینگەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

وێنە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی هێرش بۆ سەر دارستانەکانی زاگرۆسدا، نەیارانی ژینگه دەستیان داوەتە بڕینەوەی دارەکانی چیای گاڕان و هەردی ناوتاق و لە لایەکی تریشەوە، خەریکی لەنێوبردنی دارستانەکانی گوندی وشکەلانن و ئەو زەوییانه بە مەبەستی دروستکردنی باخ تێک دەدەن.

لە شارەکانی کوردستاندا، نەیارانی ژینگه بە لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس بە مەبەستی دروستکردنی خەڵووز و زۆرتریش بە مەبەستی قاچاخکردنی دارەکان بۆ کارخانەگەلی کاغەزسازی لە باکووری ئێران، دەستیان داوەتە تاڵانکردنی دارستانەکانی کوردستان و ژینگەی ئەم بەشە لە خاکی کوردستانیان تێک داوە.

لەم پێوەندییەدا، چالاکانی ژینگەپارێزی لە شار و گوندەکانی کوردستان، بە مەبەستی لەقاودانی ئەم کردەوە دوور لە ئێخلاقییە بە گرتنی وێنه و گرتەی ڤیدئۆئی هەوڵیان داوە، تاکوو کەمێک لە ئاسەوارەکانی ئەو کارە کەم بکەنەوە و پێش بە بەردەوامبوونی بگرن.

چالاکانی ژینگەپارێزی لە چالاکییە جیاوازەکاندا، هەڵمەتی نەمامچاندن و لەوانە بەڕووچاندن بەڕێوە دەبەن، تاکوو بەم شێوەیە لە زیندووڕاگرتنی دارستانەکانی کوردستان ڕۆڵ بگێڕن و ئەو سامانه بە بەرەکانی داهاتوو بگەیەنن.

ئێدارەگەلێکی وەکوو جەنگەڵبانی و ژینگە بە دانی هێشتەی نایاسایی بەو کەسانە هەوڵی ئەوەیان داوە، کە بەرگێکی یاسایی بەم کارە ببخشن و باشتر دارستانەکان و سروشتی کوردستان تاڵان بکەن.

لە ماوەی سالانی ڕابردووشدا، ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان، خەسارێکی زۆری لە ژینگەی کوردستان و ئەو ئاژەڵانە داوە، کە لەو شوێنانە دەژین.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەگەلێکی جیاوازە بە بەردەوامی هەوڵی ئەوە دەدات، کە ژینگەی کوردستان و بەتایبەت دارستانەکانی زاگرۆس لە نێو ببات و لەم پێناوەشدا لە هیچ کردەوەیەکی دوور لە ئێخلاق سڵ ناکات، نموونەی بەرچاوی ئەم کارەش ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی مەریوان بوو کە بەداخەوە شەهیدبوونی دوو چالاکی ژینگەپارێز، شەهیدان شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشیی بەدواوە بوو؛ پاش ڕوودانی ئەو ڕووداوە خەڵکی کوردستان بەئەمەگێکی زۆرتر لە جارانەوە هەوڵی پاراستنی ژینگەی کوردستان دەدەن و بۆ بڕینی دەستی نەیاران لە ژینگەی کوردستان لە هیچ هەوڵێک خۆ نابوێرن.