کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەی کوردستان لە ئاگردا هەڵدەقرچێت

12:02 - 13 پووشپەڕ 2720

ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکانی کورستان بەردەوامە و ئەمجارە کێوەکانی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری سنە کەوتە بەر ڕق و قینی دوژمنانی ژینگە و لە ئاگردا سووتا.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ، کێوی "خەیارە" لە نزیکیی کەلی "سەڵوەتاوا"ی  سنە ئاگری تێبەردرا و چەندین هێکتار لە لێڕەوار و ژینگەی ئەو گوندە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

ئاگرکەوتنەوەکەی کێوی "خەیارە" لەلایەن ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکەوە دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر کۆنترۆڵ کرا.

لە کوردستاندا لەماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا بەسەدان هێکتار لە ژینگە و لێڕەوارەکان ئاگریان تێبەردراوە و کارەساتێکی زۆری ژینگەیی خولقاندووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دارستان و لەوڕەگەکانی ''بۆزین و مەرەخێڵ'' لە پاوە زیاتر لە یەک حەوتوودا لە نێو ئاگردا سووتا و مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی بۆ ناوچەکانی دیکەش دروست کردبوو.

سەرەڕای ئەویکە خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز لە هەوڵی کۆنترۆڵی ئەو ئاگره دابوونە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی پێویست بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتا.