کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

''ژیوو وانگ'': هێزە میانەڕەوەکان لە ئێران لە ڕاستای هێزە توندئاژۆکان چالاکی دەکەن

13:25 - 16 خەرمانان 2720

''ژیوو وانگ'' شارۆمەندی ئامریکایی بە ڕەگەز چینی کە لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٦ هەتا مانگی دێسامبری ٢٠١٩ بە تۆمەتی سیخوڕی لە زیندانی ئێوینی تاراندا بوو لە بارەی دوو لایەنی میانەڕەو و توندئاژۆ لە ئێران دەڵێت؛ دژە ئامریکایی بوون ئیدئۆلۆژی زاتیی ڕێژیمی ئێرانە.

''ژیوو وانگ'' خوێندکاری قۆناغی دوکتورای مێژوو لە زانکۆی ''پرینستۆن''، کە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی حکوومەتی قاجارەکان سەردانی ئێرانی کردبوو، چەند مانگ دوای ڕێککەوتنی بەرجام، لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئامریکا زیندانی دەکرێت و بە ١٠ ساڵ زیندانی مەحکووم دەکرێت.

ئەو شارۆمەندە ئامریکاییە لە ٧ی دێسامبری ساڵی ٢٠١٩ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لە نێوان ئامریکا و ئێران لە سەر ئاڵوگۆری زیندانیان، لە زیندانی ئێوین ئازاد دەکرێت.

''ژیوو وانگ'' وتوویەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بوون و مانەوەی خۆی بە سیاسەتی دژە ئامریکایی دەزانێت.

بە باوەڕی ناوبراو، کۆماری ئیسلامی نەتەنیا  لە سیاسەتی دژە ئامریکایی بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی دزهی خۆی لە ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت، بەڵکوو بۆ سەرکوتی دژبەرانی خۆشی بەکاری دێنێت.

ئەو شارۆمەندە ئامریکاییە وتوویەتی ڕێژیمی ئێران بەکەڵک وەرگرتن لە سیاسەتی دژە ئامریکایی، خۆی وەکوو داکۆکیکاری موسڵمانان لە بەرامبەر داگیرکەران و ئیمپریالیزمی ئامریکا دەناسێنێت.

بە باوەڕی ئەم زیندانییە ئازادکراوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ حەزێکی نییە پێوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە و ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئامریکا وەلا بنێت.

''ژیوو وانگ'' بەنیسبەت هێزە میانەڕەوەکان لە ئێراندا، لەسەر ئەو باوەڕەیە هێزە میانەڕەوەکان یەک لەوان ''حەسەن ڕووحانی'' هیچ پشتیوانێکی بەهێزیان لە ئابووری و سیاسەتدا نییە، بەڵکوو تەنانەت لە ڕاستای هێزە توندئاژۆکاندا چاڵاکی دەکەن.

ناوبراو دەڵێت هێزە میانەڕەوەکان و توندئاژۆکان هەر دووکیان پشت و ڕووی سکەیەکن و دوو ڕوانگەی جیاواز لە ئێران نیشان دەدەن و لەم ڕێگایەوە دەیانهەوێت پەراوێزخرانی نێونەتەوەیی خۆیان کەم بکەنەوە.