کەریم پەرویزی
كاتێ باس له كۆلۆنیالیزم ده‌كرێ، له‌شكری نیزامیی بریتانیا و فه‌رانسه و ئێسپانیا دێته به‌رچاو كه به ده‌یان هه‌زار نه‌فه‌ری، سواری كه‌شتی ده‌بن و دوای سه‌فه‌رێكی دوور و تێپه‌ڕین له تۆفان ده‌گه‌نه كه‌ناره‌كانی ئافریقا و ئا‌مریكا و ئوسترالیا و له چركه ساتی دابه‌زینیاندا سه‌ره‌نێزه‌ی سه‌رچه‌كه‌كانیان ده‌كه‌ن به ورگی ره‌شوڕووته‌كانی خۆجێیی ئه‌و شوێنانه و وڵاته‌كانیان داگیر ده‌كه‌ن و ده‌ست ده‌كه‌ن به باركردنی زێر و مادده خاوه‌كانی ئه‌و ناوچه داگیركراوانه.
ئه‌مه كۆلۆنیالیزمێكی رووت و راشكاو بوو كه چه‌ند سه‌ده به‌رده‌وام بوو و دوایه سیماكه‌ی گۆڕا و ئێسته له ئاستی جیهانیدا به شێوازی دیكه به‌ڵام به بێ سه‌ره‌نێزه! جێبه‌جێ ده‌كرێ.
جیا له‌م حاڵه‌ته رووت و راشكاوه، كۆلۆنیالیزمی دیكه هه‌یه كه له نێو یه‌ك سنووری به رواڵه‌ت وڵات‌دا به‌ڕێوه ده‌چێ. بۆیه ده‌ڵێین به رواڵه‌ت وڵات چوونكه له ناوهێنانی جوغرافیایه‌ك وه‌كوو وڵات‌دا، ئه‌وه‌ی دێته نێو زه‌ینی وشیاری مرۆڤه‌وه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و وڵاته هه‌موو دانیشتوانه‌كه‌ی یه‌ك ده‌ست و یه‌ك ره‌نگن و هه‌موو به ماڵی خۆیانی ده‌زانن. به‌ڵام هه‌ندێ جوغرافیای وێران و كاول هه‌ن كه به‌ڵای كۆلۆنیالیزمی فیكری و كه‌لتووری لێی داون و گه‌یشتوه‌ته لووتكه‌ی كۆلۆنیالیزمی نیزامی و ئابووریش كه دانیشتوانی وڵات دابه‌ش ده‌بن به سه‌ر دوو ده‌سته‌دا: خاوه‌ن ماڵ و ره‌نجه‌ڕۆ!
ئێرانی دوای هاتنی ره‌زاخانی میرپه‌نج ئه‌و جوغرافیایه كه پێشتر هه‌رچه‌ند ئێران نه‌بوو و مه‌مالیكی مه‌حرووسه‌ی پاشا عه‌یاشه‌كانی قاجار بوو، به‌ڵام به دڕنده‌یی ره‌زاخان و به تیۆریی به‌ناو رووناكبیرانی فارسی پشتی سه‌ری ره‌زا، كرا به ئێرانی یه‌ك زمان و یه‌ك نه‌ته‌وه! ئیدی خاوه‌ن ماڵه‌كان بوون به ئه‌وانه‌ی به‌و زمانه قسه ده‌كه‌ن و یان زه‌مانیان ده‌گۆڕن بۆ زمانی قه‌ند و عه‌سه‌ل! یان له بواری ئابووری و نیزامی و سیاسیه‌وه به‌شداری ده‌سه‌ڵاتن و له‌به‌رامبه‌ر سته‌مه نه‌ته‌وه‌یی و زمانی و فه‌رهه‌نگییه‌كاندا بێده‌نگ ده‌بن، وه‌كوو ئه‌و ئازه‌رییانه‌ی كه شه‌ریكی ده‌سه‌ڵات كران یان ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و ئه‌م ره‌وته به خومه‌ینی و خامنه‌ییشه‌وه درێژه‌ی پێ درا.
ئه‌م روومه‌ته له ئێران كه به ڕوونی ده‌توانین ناوی كۆلۆنیالیزمی لێ بنێین نزیك به سه‌ده‌یه‌كه خه‌ریكی دروستكردنین و هه‌رچی ده‌گوترێ كه ئه‌مه كۆلۆنیالیزمه، به‌ڵام گوتاری شۆڤێنیستیی زاڵ و لقوپۆكانی ره‌دی ده‌كه‌نه‌وه! به‌ڵام كه رۆژنامه‌یه‌كی نێو كۆماری ئیسلامی به‌شێوه‌ی نه‌خوازراو له‌سه‌ر جوغرافیای ئێرانی وێران، نه‌خشه‌ی بێبه‌ریبوون له نێعمه‌ته‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه، له‌وێدا دیاره له سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌یه، دوو خه‌تی روون كێشراوه:
خه‌تێك له رۆژاوای باكووری سنووره‌كای ئێرانه‌وه به‌ره‌و سه‌ر خه‌لیجی خوارووی ئێران، خه‌تی دیكه‌ش له‌و به‌ری خه‌زه‌ره‌وه به‌ره‌و سه‌ر هه‌مان خه‌لیج.
له نێوان ئه‌م دوو خه‌ته‌دا كه شوێنی نیشته‌جێبوونی فارس و توركی ئازه‌رییه، ناوچه به‌هرمه‌نده ئابووریه‌كانن و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دووخه‌ته كه په‌راوێزی سنووری و ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی كورد و لوڕ و عه‌ره‌ب و توركمه‌ن و به‌لووچن، ده‌كه‌ونه خانه‌ی ره‌نجبه‌ران و ره‌نجه‌ڕۆیان!
به ده‌یان كاتژمێر و به رۆژانی به‌رده‌وام چاو له‌و نه‌خشه بكه‌ی، دووباره و دووباره، هه‌موو مێژووی سه‌دساڵه‌ی رابردووتا ئێستای تاوانباری و فاشیزم دێته به‌رچاو كه به‌زمانێكی روون هاوار ده‌كا: ئه‌مه نه‌خشه‌یه‌كی رووتی كۆلۆنیالیزمه!