کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژێردەستەکان بۆ بونیاتنانی ژیانێکی شیاوی مرۆڤی سەردەم ڕاپەڕیون

23:45 - 28 بانەمەڕ 2722

زاگرۆس

"جان ئێشتاین بەک" لە ڕۆمانی هێشووەکانی گرژیدا دەنووسێت: چۆن دەکرێ برسییەکان کە هاواری سکی برسی منداڵەکانیان بیستووە لە شتێک بترسێنرێن؟ ئیتر لە هیچ باکیان نییە، ئەوان خراپترین ترسەکانیان ئەزموون کردووە.

پاش تێپەڕینی ٤٣ ساڵ لە تەمەنی حکومەتێک کە بڕیار بوو دەسەڵاتێک بێت بۆ هەژاران و چەوساوەکان بەپێی ئامارەکان، پێوەری چارەڕەشی (شاخص فلاکت) ٤٩.٩ و نزیک بە نیوەی کۆی حەشیمەتی ئێران لە گەڕەکە پەراوێزەکاندا دەژین و دەیان میلیۆن کەس لە پارێزگا جیاوازەکاندا تووشی بەدخۆراکی(سوء تغذیە) و کەمخوێنین و پازدە میلیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاری ڕەهادا دەژین، ئەمە تەنیا بەشێک لەو ئامارانەیە کە بە ڕوونی پیشانی ئەدەن بە چ ڕێژەیەک و لە ئاکامی دەسەڵاتداریەتی گەندەڵ و ناکارامەی ئاخوندەکاندا بە چ چەشنێک هەژاری چنگی لە گەرووی خەڵک گیر کردووە و هاوار و هاتنە سەر شەقام بووەتە تەنیا ڕێگای دەربازبوونیان لەم خنکانە کە کۆماری ئیسلامی هۆکار و خوڵقێنەریەتی.

دروشمی نان، مەسکەن، ئازادی یەکێک لەو دروشمە سەرەکییانە بوو کە خەڵکێکی زۆری دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی لە دەوری یەک کۆ کردبوویەوە و هێزە عەداڵتخوازەکان‌ لە بە ئاکام گەیاندنی شۆڕشدا دەور و ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا و پاش دزرانی بەرهەمی خوێن و خەباتی نەتەوەکانیش لە لایەن ئاخوندەکانەوە، کۆماری ئیسلامی بەپێی ئایدیۆلۆژییەکەی و لە زۆربەی دروشمەکانیدا بە دەسەڵاتی هەژاران و تەنانەت چەوساوەکانی سەرانسەری دنیا وەک دژبەری جەمسەری سەرمایەداری بە سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆی پێناسە دەکات (لێکدانەوەی هەنگاونانی ئابووری کۆماری ئیسلامی بەرەو ئابوورییەک کە تێکەڵەیەک لە نێئۆلیبرازیم و گەندەڵی سیستماتیکە باسی ئەم بابەتەی ئێمە نییە).

 بەپێی ئامارەکان، ئاستی کەلێنی چینایەتی لە کۆمەڵگای ژێردەستی ئاخوندەکاندا لەسەرانسەری دنیادا بێوێنەیە و ئەم کەلێنە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێ و بەپێچەوانەی کۆمەڵگاکانی خاوەن ئابووریی سەرمایەداریش ئەوانەی ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەیان کەم دەبێتەوە چینی مامناوەندین کە لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم دۆخەدا لە داهاتوویەکی نزیک لە کۆمەڵگای ئێراندا تەنیا دوو چینی هەژار و ساماندار بەدی دەکرێن کە سامانداران ١٪ و هەژاران و برسیکراوان ٩٩٪ی جڤاک پێک دێنن.

 لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەزاران ناڕەزایەتی و چەند ڕاپەڕینی بەربڵاو دژ بەم دۆخە ئابوورییە هاتوونەتە ئاراوە و لە نوێترین نموونەدا و پاش لابردنی سوبسید لە سەر گەنم و سێ تا چوار بەرانبەر بوونی نرخی چەند خۆراکی پێویستی وەک نان، هێلکە، ڕۆن، گۆشت و ماکارۆنی ماوەی حەوتوویەک دەبێ شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایەتی دەستی پێکردووەتەوە  و بەرپرسانی دەسەڵاتیش بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی ڕاپەڕینەکان بڕی ٢٠٠ تا ٤٠٠ هەزاریان، بەپێی ئەو دابەشکارییە ئابوورییەی خۆیان لە ناو خەڵکدا کردوویانە و دابەشیان کردوون بە دە بلوکی جیاواز، خستووەتە حەساوی ژمارەیەک لە خەڵک بە ناوی قەرەبووکردنەوەی گرانی کاڵا پێویستەکان، ئەم کارەی دەسەڵاتداران ڕاست دووپاتکردنەوەی هەمان ئەزموونی سەرەتای گەڵاڵەی پێدانی یارانەیە کە هەژاران زۆر باش لە بێئاکامی گەڵاڵەی لەم چەشنە تێگەیشتوون و بۆیان دەرکەوتووە کە لە ماوەیەکی کەمدا هەروەک چۆن یارانەی ٤٥ هەزاری بەشی کڕینی تەنیا نانی پێداویستی تاکێک لە مانگدا ناکات ئەم بڕە پارەش هەر بە هەمان ئاقاردا دەچێت.

ئەم ڕاپەڕینانە هەرچەند بناغەکانی کۆماری ئیسلامیان تووشی شڵەژان کردووە و دەسەڵاتی ناکارامە بەپێی چییەتی خۆی توانای چارەسەرکردنی هیچ قەیرانێک و گەورەتەنگەژەی هەژاری خەڵکی نییە و تەنیا بە سەرکوت وڵامی دواکارییەکانی مافپێشێلکراوەکان ئەداتەوە بەڵام دوو کێشەی ناڕێکخراوی و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ پاش دەسەڵاتی گەندەڵەکان لە دوو بواری نەتەوایەتی و هەژاراندا تا ئێستا بەربەست بووە بۆ سەرکەوتن بە سەر دەسەڵاتدا و بەداخەوە دیسان ئەم لاوازییە لەم ناڕەزایەتییانەشدا بەرچاو دەکەوێت.

ئەگەر گریمانەی مەحاڵی ئەوە بکەین کە کێشەی نەتەوایەتی کاریگەری لەسەر هەژاری و چەوسانەوە نییە دیسان ناچارین سەرنج بەو ڕاستییە حاشالێنکراوە بدەین کە بەپێی بەڵگەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی نەتەوەکان لە چوارچێوەی ئێراندا خاوەن کانگا و ژێرخانی دەوڵەمەند و سەرچاوەی ئاوی مەزن و زەوی بەپیت و بەرەکەتن و ئەم سامانە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرەو ناوەند و مافیاکانی سەر بە دەسەڵات بەتاڵان دەبرێن و هەرچەند هەژاری هەنووکە ئیتر باڵی بەسەر گشت کۆمەڵگای ئێراندا کێشاوە بەڵام ڕێژەکەی لە ناو نەتەوە کۆلۆنیکراوەکاندا چەندقاتی ناوەندە؛ هەر بۆیە ئەم ناڕەزایەتییانەش لە زاگرۆسەوە و بە پێشەنگایەتی لۆڕستان و چوارمەحاڵ چەخماخەکەی لێدراوە و بەدڵنیاییەوە خەبات بۆ نەهێشتنی هەژاری بێ خەباتی نەتەوەیی بۆ دەربازبوون لە کۆلۆنیالیزم ناتوانێ بگاتە ڕزگاری و نەهێشتنی هەر چەشنە هەڵاواردنێک لە داهاتوودا.

واڵتێر بنیامین دەبێژێ: "هەژاری سەرشۆڕی نییە بەڵام بێژەرانی ئەم دەستەواژەیە، بە چاوێکی سووک و وەک سەرشۆڕ چاو لە هەژاران دەکەن بەڵام لە درێژماوەدا کەس ناتوانێت لەگەڵ هەژاری و بێدەرەتانییەکدا هەڵبکات کە وەک مۆتەکەیەکی ترسناک خۆی بەسەر شار و ماڵەکانی خەڵکدا سەپاندووە. هەژاران و چەوساوەکان ڕۆژێک بڕیاری تێپەڕین لەو قۆناغە ئەدەن و هەژاری و برسیەتی نەک وەک هۆکاری ملکەچی بەڵکوو بە وێنەی ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتن و شۆڕش کەڵکی لێوەردەگرن".

وتەی ئەم بیرمەندە بەناوبانگەی قوتابخانەی فڕانکفۆڕت دەکرێ وەک دژکردەوەی کۆتایی گشت چەوساوە و ژێردەستەکان چاو لێ بکەین لە هەمان کاتیشدا بە پێویست پێناسەی بکەین بۆ دەربازبوون لە دۆخی نەخوازراو.

ڕاسانی خۆرهەڵات توانا و پۆتانسیەلی چارەسەرکردنی هەردوو قەیرانی کۆلۆنیالیزم و هەژاری هەیە و نەتەوە ژێردەستەکان و بەتایبەت نەتەوەی کورد بە پێشەنگایەتی ڕاسانیان بە گەڵاڵەی خۆماڵیکردنی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک کە هەڵقوڵای هزری بیرمەندی مەزن کاک دوکتور قاسملوویە دەتوانن تەنگەژەی هەژاری و برسیەتی و قەیرانی کەلێنی چینایەتی چارەسەر بکەن و دەربازبوون لەم دۆخی کۆلۆنیالیزمە بە گرێدانی چڕتری خەباتی شاخ و شار دەکرێ و دەتوانێ پێشەنگی ئەم خەباتە بێت و کۆتایی بەو ئەفسانە بێنێت کە گۆڕانی دۆخی نەتەوە کۆلۆنیکراوەکان لە ناوەندوە دیاری دەکرێت.